فەڕەنسا کوردێکی دیکە ڕادەستی تورکیا کردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی دوو هەفتە لەمەوپێش کوردێک لە فەڕەنساوە ڕادەستی تورکیا کرایەوە ڕۆژی سێشەممەش هاوڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی محەممەد کۆپاڵ بە تۆمەتی ئەندام بوونی لە پەکەکە  ڕادەستی تورکیا کرا.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی تورکیا رایگەیاند، فەرەنسا رۆژی سێشەممە 9ـی نیسانی 2024، "ئەندامێکی پەکەکە"ـی بەناوی محەممەد کۆپاڵیان رادەست کردوون بەڵام ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا سەرکۆنەی بڕیارەکەی کرد و رایگەیاند محەممەد کۆپاڵ ئەندامی پەکەکە نییە و تەنیا چالاکوانێکی کوردە.

لە بارەی ڕادەستکردنەوەی ئەو هاوڵاتییە کوردە ئەنجومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا (CDK-F) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، "ڕادەستکردنەوەی ئەو هاوڵاتییە کوردە بە هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات بووەو پێچەوانەی بەها مرۆییە بنەڕەتییەکانە."

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، " لەگەڵ ئەوەی فەڕەنسا، وڵاتێکە کە بە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ ناسراوە، بە مەبەست ڕادەستکردنەوەی ئەم هاوڵاتییەی ڕێکخستووە و بە تەواوی ئاگاداری دەرئەنجامی نامرۆڤانە و زیندانیکردنی چەندین ساڵەیە کە چاوەڕێی محەمەد کۆپال دەکات لە تورکیا. هاوکات ئەو ڕاستییەی کە میدیاکانی تورکیا پێشوازیی لەم ڕادەستکردنەوەیە دەکەن.، هاوکاریی و پەیوەندی نزیکی نێوان فەڕەنسا و تورکیا ئاشکرا دەکات و جێی نیگەرانییە."

ئەو ئەنجومەنە باس لەوەشدەکەن کە "ئێمە ناتوانین لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەرییانە بێدەنگ بین. ئێمە داوا لە دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا دەکەین کە دەستبەجێ کۆتایی بەو کردارانە بهێنێت کە پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤن. ئێمە داوای هاوکاری نێودەوڵەتی و کاری بەپەلە دەکەین بۆ پاراستنی ماف و سەلامەتی چالاکوانانی کورد لە فەرەنسا. ئەنجومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا هێشتا پابەندە بە خەبات بۆ دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ و چیتر ڕێگە بە دەرکردنی چالاکوانانی کورد نادات بۆ تورکیا."

ئەمەشلەکاتێکدایە ،فەرەنسا چەند هەفتەیەک لەمەوپێش  کوردێکی دیکەی بە ناوی فیراز کۆرکماز رادەستی تورکیای کردەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار