فازڵ میرانی: هەڵبژاردن بەشێکى گرنگى دیموکراسیە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە هەموو وڵاتێک دیموکراتی نییە. پێویستە هەڵسوکەوت و ڕەوشتی کاندید، کیان و دەنگدەر، دیموکراتییانە و سەردەمیانە بێت، پابەند بن بە ڕەوشت و بەها بەرزەکانەوە، ئەوەی دژی ئەوانە بێت دەمشڕییە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی  تشرینی دووەمی 2025، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پرۆسەکە پرۆسەیەکی دیموکراتییە و هەڵبژاردن ڕوویەکی دیموکراسییەتە، بەڵام لە هەموو وڵاتێک دیموکراتی نییە. پێویستە هەڵسوکەوت و ڕەوشتی کاندید، کیان و دەنگدەر، دیموکراتییانە و سەردەمیانە بێت و پابەند بن بە ڕەوشت و بەها بەرزەکانەوە." ئاماژەی بەوەدا ئەوەی دژی ئەوانە بێت لە دەمشڕی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا. دڕاندنی پۆستەرەکان. بوختانکردن بۆ کاندیدەکان. دژی پرۆسەی دیموکراسییە جەختی کردەوە "مرۆڤ کاتێک لە دایک دەبێت ئازادە و پێویستە بە ئازادی بژی و گوزارشت لە بیروڕای خۆی بکات، ئەمە یەکێکە لە پێداویستییەکانی هەڵبژاردن."

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی پارتی هیوای خواست "کۆمەڵگەی ئێمە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ڕۆژێک بگاتە ئەو ئاستەی بە شێوەیەکی شارستانی بچنە پێشەوە بۆ هەڵبژاردن، نەک بە دەمشڕی، پۆستەر دڕاندن، یان کڕین و فرۆشتنی دەنگ."

هەروەها وەک نموونەیەکی ئەرێنی ئاماژەی بە دەستبەکاربوونی ئافرەتێک وەک پارێزگاری هەڵەبجە کرد و گوتی: "ئاواتێکی دیکەم ئەوە بوو ئافرەتێک ببێتە پارێزگار و ئەوەش هاتە دی. پیرۆزباییم لێکرد. گرنگ نییە سەر بە چ حزبێکە، گرنگ ئەوەیە کە بە شێوەیەکی دیموکراتی سەرکەوتووە."

لەکۆتاییدا، میرانی هۆکاریی دەنگدانی ڕوون کردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ دەنگماندا بۆ ئەوەی حکوومەتێک دروست بکەین کە خزمەتی وڵات و هاووڵاتی بکات، بەڵام خزمەتێکی بێگەرد و بەبێ گەندەڵی. چونکە باوەڕێک هەیە کە لە کوێ پارە هەبێت، گەندەڵی لەوێ دروست دەبێت، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە کولتوور، بەڵکو تەنیا ڕووداوێکە لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بە گوێرەی ئامار و تۆمارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستانن.

ناوەندەکانی دەنگدا لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە کراونەتەوە و بڕیارەی پرۆسەی دەنگدان تاوەکوو 6:00ـی ئێوارە بەردەوام بێت. سەرجەم بنکەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پارێزگاری دەکرێن، هاوکات لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار