کارەبای سلێمانی: 13 موڵکی کۆمپانیای چاڤی دەفرۆشین
2 كاتژمێر لەمەوپێش
کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لەسەر داواکاریی وەزیری کارەبا، 13 موڵکی کۆمپانیای چاڤی دەخەنە زیادکردنی ئاشکراوە بۆ فرشتن، کە شاسوار عەبدولواحید خاوەندارییان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10-11-2025 کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، "بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی، لەسەر داوای بریکاری داواکار (وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان/ سەرەڕای کارەکەی) لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە هەڵدەستێت بە فرۆشتنی 13 موڵکی کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری- هاوپشکی تایبەت".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "موڵکەکان سەرجەمیان [کەرتی (1)ی مەڵکەندی و دباشان]ن و تۆمارن بە ناوی کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری-هاوپشکی تایبەت. ئەوەش بەرامبەر قەرزی خاوەن قەرز وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان / سەرەڕای کارەکەی، کە بڕەکەی سێ ملیار و 580 ملیۆن و 710 هەزار دینارە بە رەسمی جێبەجێكردنی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە".
کارەبای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، "زیادکردنەکە لە ماوەی 30 رۆژ دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ئاگادارییە بەڕێوەدەچێت".
لە راگەیێندراوەکەدا ناوی موڵکەکان نەنووسراوە و تەنیا ژمارەکەیان نووسراوە؛ ئاماژە بەوەش کراوە، موڵکەکان "موڵکی پوخت"ن.
رۆژی یەکشەممە، 28-09-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی 5ـی 10ـی 2025ـی موڵکەکانی کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە و دەفرۆشرێن.
وەزارەتی دارایی ئەو کات رایگەیاندبوو، "ژمارەی موڵکەکانی کۆمپانیاکە 60 موڵکن، بەمەبەستی گەڕانەوەی قەرزی بانکەکانی سەر بە وەزارەتمان کە بڕەکەی 91 ملیار و 760 ملیۆن و 660 هەزار و 350 دینارە؛ هاوکات سەرجەم موڵکەکان پێکەوە بە یەک پاکێج دەفرۆشرێن"
لە 05-10-2025، بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی زیادکردنەکە کرا و موڵکەکان فرۆشران.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە خاوەنداریی لە کۆمپانیای چاڤی دەکات، لە 12-08-2025 کاژێر 10:00ـی شەو لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، لە دانیشتنی سێیەمی دادگەدا رۆژی 02ـی ئەیلوول بە پێنج مانگ بەندکردن سزادرا.
