وەزارەتی دارایی: لە هەفتەی داهاتوو مووچە دابەش دەکرێت

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی وەزارەتی دارایی لە دیداری ئەمڕۆی سلێمانیدا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتودا لیستی مووچە دەنێرن بۆ بەغداو پێشبینیدەکەن مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم لە هەفتەی داهاتوودا ڕەوانەی هەرێم بکرێت.

 هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧/٤/٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرسی مووچەو پلەبەرزکردنەوە رایگەیاند، چەند رۆژێکی دیکە لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت، لە هەفتەی داهاتووشدا دەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق دەکرێت و لەو وادەیەشدا پارە بۆموچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەنێردرێت.

وتیشی ،"بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بێت بۆ لەومەودوا کێشەی موچەی فەرمانبەران کۆتایی هاتوە و دواناکەوێت". 

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، داوایان لە حکومەتی عێراقی کردووە بۆ خەرجکردنی موچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراقی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەداونەتەوە.

سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمیش هونەر جەمال ڕایگەیاند،  "بابەتی پلە بەرزکردنەوە بابەتێکی هونەرییە و کاتی دەوێت چونکە دەبێت هەموو دۆسییەی فەرمانبەران وردبینی تێدا بکرێت، ئێمەش نوسراومان کردووە بۆ سەرجەم وەزارەتەکان کە دەست بە وردبینییەکە بکەن، لە ئێستاشدا بەشێکی زۆری وەزارەتەکان کاری وردبینییان تەواویان کردووە و هەرکات لیستی هەموو وەزارەتەکان بە پلە بەرزکردنەوەوە تەواو بوو ئێمەش وەک وەزارەتی دارایی ڕەوانەی عێراقی دەکەین."

ئەوەشی ڕوونکردەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو بابەتە ئیلتیزاماتی ماددی هەیە بۆیە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر و ڕێککەوتنە بەڵام بەپێی بڕیارەکەی دادگا بێت پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم پلەبەرزکردنەوەکەیان وەک فەرمانبەرانی عێراق بۆ هەژمار بکرێت.

سەبارەت بە کردنەوەی لقی بانکی ڕەشید و ڕافیدەینیش لە هەرێمی کوردستان وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، "هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی لقی بانکەکانی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی کوردستاندا بکرێنەوە و حکومەتی هەرێم بانکی نیشتمان بە جێگرەوەی ئەو دوو بانکە دەزانێت  وسێ ساڵە کار بۆ ئەو بانکە دەکرێت و کۆتایی ساڵی رابردوو لە بانکی ناوەندی مۆڵەتیان بۆی وەرگرتووە.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار