ئەمڕۆ هەینی چوار کەس لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان خنکان

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ هەینی لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان چوار هاوڵاتی خنکاون و تەرمی دووانیان نە دۆزراوەتەوە.

رائید ئامانج محەمەد، ئەفسەر لە بەرگریی شارستانیی قەزای  خەبات بە هاوڵاتی راگەیاند "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٩ی نیسانی ٢٠٢٤ کاتژمێر ٤:٠٠ مێردمنداڵێک لە گوندی چەمرگە لە ناحیەی بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی مەلەکردنەوە خنکا".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو مێردمنداڵە کوردە تەمەنی ١٥ ساڵە و ناوی (محەمەد سەردار حەسەن)ە و تیمەکانمان لە شوێنی رووداوەکەن و گەڕان بە دوای تەرمەکەیدا بەردەوامە".

هەروەها دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەک لە چەمی زەڵم لەنزیک خورماڵ بە خنکاوی دۆزرایەوە، هاوکات گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ لە روباری سیروانی قەزای کەلار لەکاتی مەلەکردندا خنکا.

گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کۆیە بە هاوڵاتی راگەیاند "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 19ی نیسانی 2024 هاوڵاتییەکی بەڕەگەز تورکمان دانیشتووی شاری کەرکوکە لە زێی بچووکدا خنکا".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو هاوڵاتییەی خنکاوە ناوی (عمان قاسم حسێن) و بە رەگەز تورکمانە و تیمەکانی "بەرگری شارستانی کۆیە"دەستیان بەگەڕان کردوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار