zhyr

باری نائاسایی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێزەکانى سووریاى دیموکرات 'هەسەدە' بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە لە دێرەزۆر باری نائاساییان راگەیاندووە و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ سەرۆک خێڵەکانی دێرەزۆر کۆبووەوە.

هێزەکانى سووریاى دیموکرات هەسەدە ئەمڕۆ یەکشەممە 5/12/2024 رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان 28 ئۆپەراسیۆنیان لە حەسەکە، رەقە و دێرەزۆر لە دژی شانەکانی داعش ئەنجامداوە.

باسی لەوەشکردووە کە، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا حەوت چەکداری داعش کوژراون و 27 چەکداری دیکەش دەستگیرکراون.

هەروەها لە دوای هێرشی ئۆتۆمبێلکی بۆمبڕێژکراوی داعش لە 10ی ئایاردا بۆ سەر بارەگایەکی هەسەدە لە ناوچەی شحێلی دێرەزۆر، کە گیانلەدەستدانی سێ ئەندام هەسەدە و برینداربوونی حەوتی دیکەی لێکەوتەوە، هەسەدە لە دێرەزۆر باری نائاسایی رایگەیاندووە.

هاوکات مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ سەرۆک خێڵەکانی دێرەزۆر کۆبووەوە وبڕیارە لە هەندێک ناوچەدا بە رەزامەندیی سەرۆک خێڵەکان دەست بە ئۆپەراسیۆن لە دژی شانەکانی داعش بکەن و دەستیان بەبڵاوکردنەوەی هێز بە ناوچەکانی دێرەزۆر و لێواری رووباری فوراتدا کردووە.

وێڕای بەزاندنیان لە ساڵی 2017 لە عێراق و ساڵی 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هێشتا گرووپە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوەکە چەندین شانەی نووستووی لە ناوچەکە هەیە و بە درێژایی ساڵانی رابردوو، بەردەوامبوون لە هێرشی ناوبەناوی خوێناوی بۆ سەر هەسەدە و سوپای سووریا. 

هەسەدە کە سوپای  بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی لە زیاتر لە 20 زینداندا بەندکردووە. دوو هەزار لەوانە، چەکداری بیانین و وڵاتەکانیان ئامادە نین وەریانبگرنەوە.

هەسەدە دەڵێت، چەکدارەکان لە نزیکەی 60 وڵاتەوە چووبوونە نێو سووریا و رۆژئاوای کوردستان و لە کاتی جەنگەکەدا دەستگیریان کردوون.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار