16ی گوڵان کۆمەڵکوژی و زامێکی بیست و حەوت ساڵە
6 مانگ لەمەوپێش
ستارە عارف
دیسان شانزدەی گوڵانە و زامەکانم بە ئازار دێنەوە و برینمان قەتماخە ناگرن و ھەر خوێنی لێدەچۆڕێت، بکرایە شانزدەی گوڵانم لەڕۆژ ژمێری ساڵدا دەسڕیەوە، ئەوە بیست و حەوت ساڵە و لەشانزدەی گۆڵانی١٩٩٧وە ھەر چاوەڕێتم و خەونت پێوە دەبینم، دەزانم زۆر بێموبالاتبوم و نەمتوانیوە ھیچت بۆ بکەم و سۆراغتم نەزانیوە، لەڕۆندک باراندن زیادترم لەدەست نەھاتوە، بەڵام تا ھەنوکە لەهەڵدانەوەی فایلی جاشایەتی بکەرانی ئەو تاوانە گەورەیەی تۆی لێشاردینەوە ڕانەوەستاوم و ھەر لەسەنگەری دژی ستەمکاری و درێژە دان بە ڕێگەکەتم، لەڕەتکردنەوەی ستەم و خەبات بۆ دادپەروەری و جەنگ دژی ئەھریمەنەکانی دەستەڵاتداری بنەماڵە و ئاشکراکردنی تەونی نەرێنی لایەنی دۆست و ھاوبیریشت بەردەوامم.
چەند دەیەیە و ھێشتا شەهیدان و بێسەر و شوێنانی١٦ی گوڵانی١٩٩٧نە گۆڕیان دیارە و نە ھەواڵ و سۆراغیان دەزانرێت، ئەو ساڵەی شەڕی ناوخۆی نێوان ینک و پدک و پکک لەباشوری کوردستان بە جۆر و شێوازی جیاواز درێژەی ھەبو و کوردی ئەم پارچەیە هێشتا حەوت ساڵ بو لەزوڵم و جەبروتی ڕژێمی بەعسی عەرەبی عێراق ڕزگاری ببو، گەمارۆ و ئابلوقەی ئابوری هەرێمی و نێودەوڵەتی دەستی نابوە بینە قاقای ئەم گەلە و جاشایەتی و خۆ خۆری ھەردو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و جەنگی نێوانیشیان لەسەر پۆست و ئیمتیاز دەرگای بۆ دەستتێوەردانی دەزگا هەواڵگری و سیخوڕی و سەربازییەکانی وڵاتانی داگیرکاری عێراق و تورکیا و ئێران و وڵاتانیتر لەکاروباری ناوخۆی باشوری کوردستان کردبویەوە، ھەر یەکێک لەو وڵاتانە لەڕێگەی بەکرێگرتنی پدک و ینک و دروستکردنی ئیسلامی سیاسی خەریکی سەرلێشێواندنی کوردی ئەم پارچەیە و دانانی گەرایی دوژمنکارانەیان و چنینی تەونی جاڵجاڵۆکەیی و کەوتنە ھەوڵ و کاری سڕینەوەی مۆرکی کوردی و لەباربردنی خەون و ئامانجی سەربەخۆیی و خۆژێنی کورد و چاندنی سازی ھەواڵگریان لەپارێزگاکانی کوردستان بون، ھەردو بنەماڵە لەکەسێتی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی دا بۆ کوشتنی ڕۆحی شۆڕشگێڕی و لەناوبردنی ھەر تێکۆشانێک بۆ سەربەخۆ ژیان و گەشەکردنی ئەم کۆمەڵگەیە خرانە کار و تا وێرانکردن و ئاشبەتاڵی نوێی ئەزمونی باشوری کوردستان لەساڵی٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ڕانەوەستان و دەستبەرداری کرێگرتەیی نەبون.
پەکەکە لەتەنیشت ئەوانەوە بۆشایی باشوری کوردستانی قۆستەوە و ھەزاران کچ و کوڕی گەنجی چەلەنگی ئەم باشوری کوردستانە بە باوەڕی و خەبات بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان و لەشکری ئازادی ژنان و یەکێتی نەتەوەیی ڕویان لەچیا کرد و بون بە گەریلا و دەرگای سەدان ماڵ بۆ کاری ڕێکخستن و داڵدەدانییان لەسلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە و شارباژێڕ و زاخۆ و گەرمیان و سنوریتری کوردستانیان بۆ کرایەوە، واتە سەرەڕای ئەوەی ڕاپەڕینی١٩٩١ی باشوری کوردستان تازە ڕویدا بو و شەڕی براکوژی دەستیپێکردبو و لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا سەدان تاوانی وەک نۆکەرایەتی و خراپەکاری ھەردو حزبی باڵا دەست بینران و ھەر جەنگی ناوخۆ بەس بو بۆ ئەوەی میللەت تەواو نائومێد ببن، بەڵام گەنجانی ئەم وڵاتە نەیانوت ئەنجامی شۆڕش و تێکۆشانمان بینی و شکست دەرچو و ھیوایان لەدەست نەدا و لەپێناو ئامانجی گەورەتردا بەرەو کاروانێکیتر ڕێگەیان پێوا و بونە گەریلا و ئەمجارە لەناو پەکەکەدا خۆیان ڕێکخست، لێ داخی گرانم پەکەکەیش وەک ینک و پدک بوە بار بەسەر باشوری کوردستانەوە و بە خێر بۆمان نەشکایەوە، سەدان کچ و کوڕی تێکۆشەرمان شەھید و بێسەر و شوێن بون و خاوەندارێتیان نەکردن و ناکەن، ئەوانیش وەک دەستەڵاتی دو حزبەکە تەنیا بۆ ئیستسماری حزبی بەکاریاندەھێنن، ئەگەر وا نەبوایە ڕەوشی باشوری کوردستان لەم مەرگەساتەی ئەمڕۆدا نەدەبو و ئاستی ڕێکخستنیان لێرە دەبوایە زۆر بەهێز بوایە و سیاسەتی بە دوژمنکردنی دۆستەکانیان بەکار نەهێنایە.
کۆمەڵکوژیەکەی هەولێر چۆن ڕویدا؟..
ڕۆژی١٤ی گوڵانی١٩٩٧ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان بە بیانوی هەبونی پەکەکەوە، بە سوپایەکی تەیار و ئامادە لەچەکی قورس و بۆمب و تۆپی دور هاوێژ و لەشکرێکی دەیان هەزار کەسی سەربازی، تانک و زرێپۆش و فڕۆکەی جەنگی و بە چاوساغی هەزاران بە ناو کوردی جاشی باکوری کوردستان و بنەماڵەی بارزانی زۆر بە چڕی دەستیپێکرد و پەکەکە لەسەر خاکی باشور بەرەنگاریان بویەوە و زیانیشی پێگەیشت و ئەو ئۆپەراسیۆنە ماوەی دو هەفتەی خایاند.
لەهەمان ڕۆژی١٤ی گوڵان ڕێکەوتی ئۆپەراسیۆنەکەدا و دو ڕۆژ پێش کۆمەڵکوژیەکەی هەولێر، کۆبونەوەیەک لەنێوان مەسعود بارزانی و نوێنەر و بەرپرسانی پەکەکە ئەنجامدرا بو، کە ئەو کاتە(عوسمان ئۆجەلان-فەرهاد و نیزامەدین تاج-بۆتان)بەرپرسانی ڕێکخستنی پەکەکە لەباشوری کوردستان بون، لەو کۆبونەوەیەدا ئەوان داوای دڵنیاییان لەبنەماڵەی بارزانی کرد بو، کە ئاخۆ بە نیازی هێرشن بۆ سەر پەکەکە لەهەولێر؟، مەسعود بارزانی سوێندی بە گۆڕی مەلا مستەفای باوکی خوارد بو، کە تەمای هێرشی وایان نیە و نایکەن، وێڕای ئەوە(داود باغستانی)هەر دوای ئەو کۆبونەوەیە پەکەکەی ئاگادار کردبوەوە و داوای لێکرد بون، ئەندامانیان لەهەولێر دور بخەنەوە و بڕوا بە بنەماڵەی بارزانی نەکەن و هەر ئەگەری پەلاماردانتان هەیە، بەڵام بەرپرسانی پەکەکە بڕوایان بەو نەکرد و متمانەی تەواویان بە بارزانی و بەڵێنەکەی هەبو و ئامادەکاریان نەکرد و لەوەڵامدا وتبویان هێرش بکرێتە سەرمان بەرخۆدانی دەکەین و هیچ یەکێکیتریش لەئەندامانی بەرپرسی پەکەکە هەستیان بەو مەترسیە گەورەیە لەسەر هەڤاڵان لەهەولێر نەکرد، لێ باغستانی بەهەوڵی خۆی ژمارەیەک هەڤاڵی برینداری لەنەخۆشخانەکانی هەولێر گواستەوە، ئەگەرنا کۆمەڵکوژیەکە گەورەتر دەبو.
بەپێچەوانەی ساویلکەیی یان تێوەگلانی ئەو بەرپرسانەی ئەو ساڵەی پەکەکەوە، کە ئەگەر هەیە هەر لەو کاتەوە پەیوەندیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی گرێ دابێت، لەڕۆژی١٦ی گوڵان-ئایاری١٩٩٧هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن و هێرشی تورک بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان، ئەمجارە(مەسعود بارزانی)سەرۆکی پدک لەگەڵ نوێنەری پی ئێم ئێڤ(PMF)، ئەو هێزە تورکیەی لەجەنگی ناوخۆی نێوان هەردو بنەماڵەدا بە ناوی هێزی ئاشتیپارێزەوە تورک لەشاری هەولێر جێگیری کرد بون و لەبنەڕەتدا نوێنەری سوپای تورک بون ئەنجامدرا و لەو کۆبونەوە بە پەلەیەدا بڕیاری هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پەکەکەیان لەباشور بەگشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی دا بو.
دەرەنجام:
ڕێکەوتی١٦/٥/١٩٩٧بە بەشداری لیوای تایبەتی وەجهی بارزانی و هێزی تایبەتی فرانسۆ حەریری پارێزگاری ئەو کاتەی شاری هەولێر و هێزی پدکی جەمال مۆرتکە و پاراستن و ئاسایشی کەرکوک و هەولێر و دەیان چەکداری تری ئەو لایەنە خیانەتکارە پەلاماری(مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامیا و نەخۆشخانەی مانگی سوری یەک و دو و نوسینگەی مەد تیڤی و ڕۆژنامەی وڵات و وەتەن شەمس و یاژک و یندک نزیک باخچەی خانزاد و یەکێتی خوێندڤانان و لاوانی وڵاتپارێزی کوردستان و بیرۆی نوێنەرایەتی پەکەکە و PKDW)چەند نوێنەرایەتی و بارەگایتریان، لەگەڕەکەکانی سەیداوە و عەینکاوە و تەیراوە و سی مەتری لای باخچەی گڵکەند و حەی شورتە و چەندیتر درا، نزیکەی سەد هەڤاڵی ڕۆژنامەنوس و سیاسی و گەریلا و نەخۆش و بریندار و هونەرمەند و چالاکوان لەئەنجامی بەرپەرچدانەوەی تاوان و هێرشە دڕندەکەی پدک و سەربازی تورک شەهید بون یان بە برینداری دەستگیرکران و لەزیندانی ئاکرێ توند کران و زانیاریەکیش ئەو کاتە هەبو، کە بەشێکی دەستگیرکراوان ڕادەستی دەوڵەتی تورک کراون، جگە لەدەستگیرکردن و هێرشکردنە سەر ماڵی ژمارەیەک کەسی نیشتمانپەروەر و خوێندکاری هەولێر.
لەدوای کۆمەڵکوژییەکەوە:
ئەوان گوێیان بەو ئاگادار کردنەوانە نەدا و بە دروشمی(بەرخودان ژیانە)ئەو ھەمو گەنجە گەریلا و ڕۆژنامەنوس و بریندارەی نەخۆشخانەیان ھێشتەوە و تا سەرجەمیان قڕکران یان زیندانی و بێسەروشوێنکران، ئەوان شەهیدی دۆزێکی پێشکەوتوی کوردن و ڕوناکی ڕێگەمانن و بەرخۆدانی و ئیرادەیەکی زۆر هوشیارانە و بەهێزیان نیشانی دوژمنی تورک دا و تەسلیم نەبون، لەهەمو پێواژۆیەکدا پێویستە ئەو ئیرادەی ڕوبەڕوبونەوەیە بەرامبەر پیلانی دوژمنان و خیانەتکارانی ناوخۆ نیشانبدرێت و گەل بە پڕەنسیپەکانی بەرخۆدان و کۆڵنەدان و ڕەتکردنەوەی خیانەت پەروەردە بکرێت، لێ لەوە زیادتر یەکێک لەپڕەنسیپە گرنگەکانی پەکەکە و بەڕێز(عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ئازادی و ڕزگاری فیکر و بیر و ھزرە نەک ڕزگاری جوگرافیا، کەواتە دەیانتوانی بارەگانیان لەھەولێر چۆڵ بکەن و ئەو کۆمەڵکوژیە ڕوینەدایە، لەجەنگدا ھەمیشە شەڕکردن لەبەرامبەر دوژمن لەکاتێکدا چوار دەورت گەمارۆ درابێت سەرکەوتن نیە، بەڵکو پەکەکە دەیتوانی ئەو دەرچە کەمەی خۆ ڕزگار کردن بەکاربھێنێت و ژیانی کادێرانی بپاراستایە ئەوە سەرکەوتنی گەورە بو، کە تاوانەکە ڕویدا و بەرپرسانی پلە یەکی پەکەکە لەھەولێر بەر تاوانەکە نەکەوتن و خۆیان ڕزگار کرد!!، دوای ئەو ھەمو ساڵە کوا چارەنوسی ئەو ھەمو شەھیدە و گۆڕیان لەکوێیە؟، زیندانیانی تاوانەکە بە دەستی بنەماڵەی جاشی بارزانی کوان بۆ سۆراغیان بە مان یان نەمان نیە و ناکەن؟.
ساڵی٢٠٠٦بە دواداچونێکی مەیدانی زۆر وردم لەسەر کۆمەڵکوژیەکە لەشاری هەولێر کرد و زۆر لەگەواهیدەرانم بینی، کە گەڕامەوە بە ڕاپۆرتێک وردەکاری گۆڕە بە کۆمەڵەکانی(مەعمەل قیر لەسەر ڕێگەی هەولێر-مەخمور و پارکی سامی عەبدولڕەحمان-ڕێگەی عەینکاوە)ی هەولێر، کە بەگۆڕستانی ئەو شەھید و بێسەر و شوێنانە لەقەڵەم دراون و لەلایەن کەسانێکەوە بە نهێنی لەوێ بە خاکسپێردراون و هەر شەهیدێک ناوەکەیان خستۆتە ناو شوشەیەکەوە لەگەڵییدا نێژراوە بۆ ئەوەی لەکاتی هەڵدانەوەیاندا بناسرێنەوە، بە(جەمیل بایک-ھەڤاڵ جومعەم)دا، زۆری لای گرنگ بو یەکلایی بکرێنەوە و پێموت گۆڕەکان ڕۆ دەچن و ئەگەر زو بە فریایان نەکەوین لەناو دەچن و ئەویش بەڵێنی دا بە دوایاندا بچن و دوای ئەوە ھەنگاویش نرا، بەڵام پارتی داوایکرد بە شەوێکی تاریک و بێدەنگ بگەڕێنرێنەوە و کەس ھەستیان پێنەکات و پەکەکەیش دەیویست بە مەراسیمێک بێت و دەنگدانەوەیەکی حزبی بە دوادا بێت، بەمجۆرە ڕێکنەکەوتن و دیسانەوە دیزە بە دەرخۆنە کرایەوە و هەردو لا بێدەنگ بونەوە، لەئێستادا پەکەکە بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە لەچارەنوسی ئەو شەھید و بێسەروشوێنانە و ھیچ لایەنێک وەک پەکەکە لەڕوی توانای مرۆیی و بەرپرسیارێتیەوە ناتوانێت ئەو مژارە یەکلایی بکاتەوە، پدک لەتاوانەکە بەرپرسیارە و دەبێت باشتر پەردە لەسەر خیانەتەکانی ھەڵبدەینەوە، ھەتا ئێستا ھیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و ناوەندی جیھانی لەو تاوانە مەزنە ئاگادار نین و پەکەکە ھاوکاری کەسوکاریانی نەکردوە تا بیوروژێنن، لەساڵانی سەرەتای تاوانەکەد چەندجار کەسوکاری شەهید و بێسەر و شوێنانی باشوری کوردستان تاک لایەنە زۆر ھەوڵی ھێژایان دا و چونە بەر دەرگای زۆڕ لایەنی پەیوەندیدار و ناوەند بۆ ئەوەی چارەنوسیان دیاریبکەن، بەڵام حزب پشتگیری نەکردن و لەگەڵیاندا نەبو و کەسیش وەڵامی نەدانەوە، هێشتا ژمارەی شەهید و بێسەروشوێنان بە تەواوی ڕون نین، پەکەکە چەند ساڵە هەمویان بە شەهید ناو دەبات، لەکاتێکدا نەدەبو بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، لەسەر زیندانییان و بێسەروشوێنان پێویست بو هەنگاوی ئاشکراکردنیانی بنایە، چونکە ئەوە لەساڵانی ڕابردودا بوە و دەبێتە کارێکی باش و ئاسان بە دەست ستەمکارانی بنەماڵەی بارزانییەوە بۆ ئەوەی ئەگەر لەزیندانیشدا بن نەیانهێڵن یان کردویەتی.
دەرەنجام:
لەدوای بیست و حەوت ساڵ لەکۆمەڵکوژیەکە دایک و باوک و کەسوکاری زۆربەی ئەو شەهید و بێسەروشوێنانە بە ئاهی بینینەوە یان هەبونی گۆڕێکیان بۆ ئەوەی بچنە سەری و سەبوریەک بە خاکی سەر گۆڕەکەیان بە دڵیاندا بێت سەریان نایەوە، پەکەکە تەنیا هەر دو بەرپرسی ئەو کاتەی پەکەکە(فەرهاد و بۆتان)بە تاوانبار و تۆمەتباری کۆمەڵکوژیەکە دەناسێنێت، چونکە لەناو پەکەکەدا نەماون و لەبەرەی دوژمندان و فەرهاد هەر لەژیانیشدا نەماوە و مرد، بەڵام بە تەنیا ئەوان نین بەرپرسیار و تۆمەتباریان و پەکەکە لەئەمڕۆیشدا ئەرکی زۆر گرنگی لەبارەیانەوە لەسەر شانە و ئەوەی دەبوایە بیکردایە دەرحەق بە بێسەر و شوێن و شەهید و بریندار و کەسوکاریان نەیکردوە و دەبێت ئەو بەرپرسیارێتیە لەئەستۆی بگرێت لەکەمترینیان:
ڕۆژی١٦ی گوڵان-ئایار لەسەر ئاستی عێراق کراوەتە ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، تەواو بۆ ئەم کۆمەڵکوژییەیش دەشێت و دەیگرێتەوە و حەقی خۆیەتی لەم بۆنەیەدا گەوهەریانە لەبارەیەوە بئاخفیین.
- تا ئێستا شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان بە فەرمی ناسراو نین و تەنیا ئەو زانیاریە نا فەرمیە بیستراو و بینراوانەن، کە ئەگەرن و سەلمێنراو نین و دەبێت گۆڕیان هەڵبدرێتەوە و ڕوفاتیان بگەڕێنرێنەوە و بە ڕێزەوە بە خاکبسپێردرێنەوە، گۆڕی ئەوانیش بە هەمان شێوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی جینۆسایدکراوانی کوردی باشوری کوردستان لەبیابانی عەرەبستانییان بەسەردا هاتوە، ئەگەر زیادتری بەسەردا تێپەڕێت ئیدی ناناسرێنەوە و مژاری پشکنینی دی ئێن ئەی(DNA)دەکەوێتە ڕۆژەڤەوە و دەبێت داوای هەڵدانەوەی گۆڕەکانیان و ئاشکراکردنی ڕوفاتەکانیان بکرێت.
- زیندانی و بێسەروشوێنان چەندن و کێن و لەکوێن و ماون یان شەهید بون نازانرێت، لەلایەکیترەوە لەلایەن پەکەکەوە سەرجەمیان بە شەهید ناسراون، کە هەڵەیەکی زەقە و لەکۆڵ خۆ کردنەوەیە و دەبێت بەدواداچونی تازەیان بۆ بکرێت و چارەنوسیان دیاری بکرێت.
- ئەو بێ ڕێزییەی بەرامبەر کەسوکاری ئەو شەهید و بێسەروشوێنانەی لەلایەن پەکەکەوە دەکرێت، کە ڕۆژانێک گەریلا یان ڕێکخستنیان بون و ئەمڕۆ دورن لێیانەوە مایەی شەرمە و دەبێت حورمەتییان نیشان بدرێت و ئینتیمای حزبی لەسەرو ئەوانەوە نەبێت.
- تاوانبارانییان لەناوخۆ و دەرەوە ئاشکرا بکرێن و سزا بدرێن.
- کار بۆ ناساندنی دۆسیەکانیان لەدادگا نێودەوڵەتییەکان بکرێت، چونکە شاردنەوەی مژاری گۆڕەکانیان و چارەنوسی بێسەر و شوێنانییان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی شاردنەوەی تۆپزی و زۆرەمللێ پێناسە دەکرێت.
تێبینی: داود باغستانی لەساڵی٢٠١٩ لەئەدەنەی تورکیا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەبیانوی هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکرا، بەرپرسی کەناڵی تیڤی و گۆڤاری ماف بوە و لەکوردستان سەرۆکی دەزگای ئیسرائیل کورد بوە و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری ئیسرائیل کورد و ڕۆژنامەی ئیسرائیل-کوردستانیش بوە.