سەروەری و ئازادیمان، لە نێوان ئەوی رۆژێ و ئێستاماندا
6 مانگ لەمەوپێش
شوان داودی
ئەوی رۆژێ 24 ساڵ پێش ئێستا لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی مەرحوم مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە گردی سەلیم بەگی شاری سلێمانی ، دوای تەواو بوونی بەخاکسپاردن ئەڵقەیەکی 30- 40 کەسی لە بەرپرسان بە دەوری گۆرکەیدا بازنەیان بەستبوو ، لەو ژمارەیە وەفدی کۆماری ئیسلامی ئێران و وەفدی حزبی دیمکوراتی ئێرانیش ئامادەبوون ، لە بازنەکەدا وەفدەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران و مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن زادە سکرتێری ئەوکاتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تەنها یەک کەس لە نێوانیاندا بوو ، هەمیشە زیندو جەنابی مام جەلال لەو بۆنەیەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و لە گوتارەکەیدا سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد بۆ هاوکاری و کارئاسانی کردنیان لە هێنانەوەی روفاتی مەرحوم مامۆستا ئیبراهیم و پێش ئەوەی سوپاسی خەڵک ولایەنی تر بکات مام جەلال وتی مادامەکی هێشتا لە کۆماری ئیسلامی ئێرانداین نابێ حزبی دیموکرات لە بیربکەین و سوپاسی ئەوانیش دەکەین بۆ ڕۆڵ و ماندوبونیان.
هەر لەو سەردەمەدا و لەوی ڕۆژێ من ڕۆژنامەیەکی سەرکێشم هەبوو بەناوی (ڕۆژنامەنووس) ، برادەران و هەڤاڵان و لایەنەکان زوو زوو لای مام جەلال شکاتیان لێ دەکردم ، جارێکیان بانگی کردم کۆمەڵێ ئامۆژگاری بەسودی کردم و هانی زیاتری دام کە بنوسم و سڵ نەکەمەوە پێی وتم من بە تەنیا دەرەقەت نایەم هاوکارم بن و وتی : گەر کەسێکی خاوەن هێز و پێگە و دەسەڵات خراپە یا ناحەقی یان گەندەڵیەکی کرد و نەتوێرا لەسەری بنووسی ...هەندێ لەسەر من بنوسە و رەخنە لە من بگرە و ئەوجا باسی ئەو بکە ..کە قسەی کرد پێی بڵێ من لە سەر مام جەلالم نوسیوە نەک تۆ .
جارێکش مام جەلال لە ڕۆژنامەی الاتحاد وتارێکی( بقلم مراقب) نووسیبوو ناوی تاریق عەزیزی بە بەڕێز هێنابوو ، بێ ئەوەی بزانم مراقب کێیە بە توندی لەسەرم نوسی ، لێپرسراوی ئەو کاتی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی و سەرنوسەری الاتحاد رەوانشاد عادل موراد بوو ، خۆی بۆی گێڕامەوە وتی لای مام جەلال شکاتم لێ کردی مام لە وەڵامدا پێی وتم زۆر ئاساییە لای من بەڕێزە لای شوان بەڕێز نیە .
ئەم باسانەم وەک پێشەکی ئەم وتارە هێنایەوە بۆ ئەوەی بەراوردێکی بکەم لە گەڵ دوو باسی تازەدا وسەیرێکی ئێستای خۆمان بکەین و بزانین لەگەڵ ئەوی ڕۆژێدا چیمان بەسەردا هاتووە و چەند پاشەکشەمان کردوە .
هەموومان ئەو هەواڵەمان زانی کە دامەزراوەی کەریمی عەلەکە لە شاری سلێمانی بە نیاز بوون لە 12 ئایاری ئەمساڵدا و لە دیداری شکور مستەفا خەڵاتی ڕێزلێنانی دیدارەکە بدەنە مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن زادە لە پای ئەو خزمەتە زۆر و زەوەندەی بە ڕوناکبیری کوردی بە گشتی و بواری وەرگێڕان بە تایبەتی کردویەتی بە داخەوە دەسەڵات دارانی سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری لە لایەن حزبەکەی مام جەلالەوە بۆ ڕازی کردنی خزمانی ئەودیو ڕێگریان لە ئەنجامدانی دیدادەرەکەو خەڵات کردنی مامۆستا حەسەن زادە کرد .
دیارە پێش چەند ڕۆژێکی کەم لەو ڕێگریە و لە مەراسیمی خەڵاتی بلە کە ساڵانە لە یادی کۆچی دوایی مەرحوم مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەددا بەڕێوە دەچێت سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە هەمان کاتدا کوڕی گەورە هەمیشە زیندوو مام جەلالە واتە ئێستا خەلیفەی مام جەلالە پێشنیازی ئەوەی کرد کە بۆ ساڵی ئایندە خەڵاتی بلە بدرێتە هەڤاڵ عەبدۆ کە تێکۆشەرێکی کوردی ڕۆژئاوایە .
وەک دەربڕینی ناڕەزایی و نیگەرانی بۆ ڕێگرییەکەی ئاسایشی سلێمانی لە دیداری شکور مستەفا و خەڵات کردنی مامۆستا حەسەن زادە لە 13ی ئایار لە لاپەڕەی فەیسبوکی خۆم ئەم پۆستەم بڵاو کردەوە :
(نە پێشنیازی خەڵات کردنی هەڤاڵ عەبدۆ بکە
نە ڕێگە لە خەڵات کردنی عەبدوڵڵای حەسەن زادە بگرە
هەر کوردین و هەر کورد دەبین)
هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە 15ی ئایار چومە خزمەت مامۆستا حەسەن زادە.
ئێوارەی 14ی ئایار هەڤاڵێکی بەڕێزم کە ئێستا پۆستی باڵا و بەرپرسیارێتی گەورەی هەیە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ماوەیەکی زۆرە بۆ هەواڵ پرسینیش زەنگی بۆ نەکردوم ، دوای ئەوی پۆستەم رەحمی جوڵا و پەیوەندیەکی پێوە کردم و وەک خۆی وتی وەک برادەر پەیوەندی کردوەو گلەیی ئەو پۆستەی لێکردم وتی تۆم خۆش دەوێ بۆ خۆتمە نابوایە ئەو پۆستەی بکەی ، منیش لەوەڵامدا سوپاسی خەمخۆریی برادەرانەم کرد و پێم وت هەموتان من دەناسن کاتێک لە گەڵتانیشدا بووم هەمیشە ڕەخنەم هەبووە و قسەی خۆم لەسەر هەموو پرسەکان هەبووە و هێڵی سورم نەبووە ، وتی بەڵێ ئاساییە ڕەخنە بگرە لە کادرێک لە فەرماندەیەک لە مەسئولێک بەڵام تۆ لە سەری هەرەمەکەوە گرتوتە ..منیش وتم مام جەلال فێری کردوم لە هەرمەوە نەبێت کاریگەری نابێت.
وەک مامۆستا حەسەن زادە وتی گەر دیدارەکە ئەنجام درابا یەک دوو ڕۆژێک وەک هەواڵ باس دەکرا و کۆتایی پێ دەهات بەڵام ئەو ڕێگرییە دەبێتە مێژوو ناسڕێتەوە .