وێنە تەڵخەکانی پایتەخت

2 مانگ لەمەوپێش



دڵزار عارف

لەم ماوەیە بەهۆی کارێکەوە وا پێویستی دەکرد سەردانی بەغدا بکەم، ئیتر لە تێرمیناڵەوە خۆم خزاندە ناو تەکسیەکی هێڵی بەغدا، شوفێرەکە عەرەب بوو کوڕێکی گەنجی روخۆشی گوپن بوو. هەر کەوتینە رێ دەستم کرد بەهەندێ پرسیار لە کاکی شوفێر، لەسەر رێگاو خاڵی پشکنینەکان و ئاستەنگەکانی رێگا، بەڵام وەڵامەکانی کورت و دبلۆماسی بوون، دیاربوو نەیدەویست باس لە کێشەکان بکات, بۆیە منیش وازم هێنا، ئەو رۆژە لە بەختی ئێمە بارهەڵگرو تانکەرەکان مانیانگرتبوو ئەمەش وایکرد بە کەمتر لە چوار سەعات بگەینە بەغدا. هەر کە نزیک دەبیتەوە لە خاڵی پشکنینی شارەکە لەهەر دوولای شەقامەکە خانووی بێ پلان و نایاسایی دەست پێدەکەن، لە کابرای تەنیشت خۆمم پرسیار کرد وتم بۆ وا نارێک و بێ پلان دروستکراون، ئەویش بەشێنەیی وەڵامی دامەوە وتی ئەمانە لە چینی هەژاری شیعەن، بە پشتیوانی میلیشیکان و بە چاو داخستنی دام و دەزگاکانی حکومەت رۆژ بەرۆژ خانووی زیاتر دروست دەکەن و لەبەرامبەر سەوزایی و دارخورماکان دەبڕنەوە، وەکو دواتر تێگەیشتم کە ئەمە سیاسەتی دەوڵەتی قوڵی شیعەییە بۆ ئابڵوقەدانی پایتەخت و لاوازکردنی سونەکانە. دواتر وردە وردە گەیشتینە ناو بەغدا، یەکسەر هەست دەکەی کە ئەم شارە ماندووە، بێزارە، بێ نازە… تەماشای هەر لایەکم دەکرد خەڵکێکی بێ هیواو غەمگینم دەبینی، لە زۆربەی شەقامەکان وێنەی موقتەدا هەیە و لەهەندێکی تر وێنەی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی بەیەکەوە هەڵواسراوە، جگە لەوە ئاڵای رەش و سور و رەمزەکانی شیعە لەهەموو لایەک هەن. ئیتر دەیانەوێ بە خەڵکی پایتەخت و میوانەکانیشی بڵێن: بەخێربێن بۆ گەورەترین پایتەختی عەرەبی شیعی. 

لەگەڵ ئەم هەموو وێنەو ئاڵاو پۆستەرانە،  دەیان ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزیش وەکو کەرويشک تیژ بە تەنیشتمان تێدەپەڕین. دواتر لەگەڵ خزمەکەم  رۆیشتین بۆ گەڕەکی مەنصور کە بە ناوچەیەکی گران و مۆدێرن دادەنرێ، بەڵام ئەوەی لە راستیدا زۆر فەرامۆشکرابوو و بۆنی خۆڵ و خاشاک و تۆزو هەراسانی دەکردی. لەهەمووی نارەحترو قورستر قوفڵبوونی رێگاکانە، زۆربەی جار لە گەڕەکێک بچی بۆ گەڕەکێکی تر زیاتر لە سەعاتێکت پێویستە، وەکو بەغدایەکان دەیانگووت رۆژانە هەر کەسێک لە ئێمە نزیکەی سێ سەعات ئەبێ لەناو ئۆتۆمبێل بێ، جگە لە قەرەباڵغیەکە دەنگی هۆڕن دەگاتە حەوت تەبەقەی ئاسمان، شۆفێرانی پایتەخت زۆر حەزیان لە هۆڕن لێدانە، بێ بۆنە و بێ پاساو دەست بەهۆڕنەوە دەنێن، بەڵام ئەوەی بۆمن سەیربوو کەس بێزار نەدەبوو لەم هەموو دەنگی هۆڕنەو پێ دەچوو وەکو ریتمی ئاوازێکی ناسک بێت بۆیان. 

بۆ خواردنی شەو هەوڵماندا بڕۆین بۆ رێستۆرانتێک کە پاکبێ و خواردنی خۆشی هەبێ، هەر لە گەڕەکی مەنصور رێستۆرانتێکی چەند قاتی هەبوو خۆمانکرد بەوێداو کاتی چوینە ژوورە وا هەستم دەکرد هەموو بەغدا برسیەتی و چاویان لە رێستۆرانتەیە تێریان بکا، ماوەیەک وەستاین دواتر مێزێکی بچوکمان دەستکەوت و خواردنەکانمان خێرا بۆهاتن، بەڵام دەنگە دەنگ ئەو ناوەی کاس کردبوو کەس گوێی لەوەی تر نەدەبوو، لە لایەک دەنگی شاگردەکان، لایەکی تر دەنگی خەڵکەکەی کە دانیشتبوون، بۆیە زۆر بەپەلە نانەکەمان خوارد وتم با بڕۆین، خەریکە گێژ دەبین. نازانم بۆ خزمانی عەرەب زۆر بەدەنگی بەرز قسە دەکەن، چونکە زۆربەی جار کە تێبینیم دەکرد پێویستی بەم دەنگە بەرزە نییە، کەچی کەم خەڵکم بینی بە هێمنی و هێواشی بدوێن. رێستۆرانتەکان و کافێیەکان پڕن لە خەڵک، خەڵکی پایتەخت بەشێوەیەکی گشتی زۆرخۆرن، بۆیە خەڵکی قەڵەویان زۆرە، هەروەها تێبینی ئەوەم کرد هێشتا قەڵەوی نەبۆتە کێشەو خەم بۆ خەڵکەکە، ویستم تێبگەم بۆچی قەڵەوی وەکو کێشە نابیندرێ، زۆربەی وەڵامەکانیان، باسیان لەوە دەکرد کە هیچ شتێکی دڵخۆشکەر نیە، بۆیە خۆمان بە خواردن سەرقاڵ دەکەین.

کاتێ گەڕاینەوە ماڵی خزمەکەم، ماڵەکەیان لەسەر شەقامێکی گشتی بوو و نزیک بوو لە رێگای شەمەندەفەڕ، وتی تۆزێکی تر شەمەندەفەڕەکەی بەسرە دەگات، ئینجا گوێی لە هۆڕنی بگرە، کە چۆن دەیەوێ لە ڕیگەی هۆڕنەوە ئۆتۆمبێلەکان ئاگادار بکاتەوە کە رێگاکەی بۆ چۆڵ بکەن. 

رۆژی دواتر زوو لە خەو هەڵساین رۆیشتن بەرەو کەرتی رەسافەو بۆ ئەوەی پێش قەرەبالغی شەقامەکان  دابخات ئێمە بگەینە بەرەکەی تر، شوفێریکردن لەم شارە پێویستی بە هونەرو سەلیقەیەکی تایبەت هەیە، هەموو پەلەیەتی، هەموو سترێسی هەیە، هەموو بەیەکەوە هێڕش دەکەن، هەموو بەیەکەوە هۆڕن لێ دەدەن، بۆیە بەدبەخترین کەس لە بەغدا، پۆلیسی هاتوچۆیە، چونکە هیچ کەسێ گوێی لێناگرێ. گەیشتینە ناوەندی بازارێکی میللی لە نزیک مزگەوتی شێخ عبدالقادری گەیلانی، بۆئەوەی ئۆتۆمبێلەکەمان پارک بکەین، چونکە ئەگەر پێش سەعات هەشتی بەیانی نەگەیتە پاڕکەکە ئەوا بەدڵنیایەوە شوێنت دەست ناکەوێ،  هەروەها نرخی پارک بەشێوەیەکی گشتی گرانە. ئیتر لە گەڵ ئەو کوڕەی خزمم رۆیشتین  بۆ کۆمپابیایەک، لەوێ هەوڵمدا چەند کارمەندێک بدوێنم، زۆربەیان بێزاری خۆیان نیشاندەدا کە ئەو پارەییەی وەریدەگرن بەشیان ناکاو چونکە شت زۆر گرانە و رۆژبەرۆژیش گرانتر دەبێ. دواتر چووین بۆ رێستۆرانتی سلێمانی، ئیتر جمەی دەهات و بۆن و بەرامەی کەبابەکەیان ئەو ناوەی داگرتبوو، بەڵام بەڕاستی کەبابەکەیان زۆر بەتام بوو، شوێنکە هەم قەرەباڵخ و هەم بچوکیشبوو. 

لەسەر شەقامەکان سەیری رێبوارەکانم دەکرد، بەشێوەیەکی گشتی لە سیمایان تێبینی جۆرێک لە بێهوایم دەکرد و جۆرێک لە غەمگینی باڵی کێشاوە بەسەریان، زۆربەیان بە جلێکی زۆر سادەو بێ رەنگ هاتوچۆیان دەکرد، زۆر جار دیقەتی پۆلیسەکانی سەر شەقامم دەدا، سمێڵێکی رەشکراوەو ورگێک شۆربۆتەوە بەسەر قایشەکەی و کلاشینکۆفێک بەدەستیەوە، بێزار لە گەرماو تۆزێ پایتەخت، هەموو دەم چاویان سوتاوەلەبەر تینی خۆر. کاتێک دەمپرسی ئەمانە پایتەخت دەپارێزن؟ لە وەڵامدا یەکسەر دەیانوت ئەمانە تەنها دیکۆڕن لە فلکەکان، هێز و ملیشای تر بەرپرسن لە پاراستن و سەقامگیری.. 
دەچی بۆ هەر چایەخانەیەک کافێیەک، باس باسی نرخی زەوی و خانووە، لە هەندێ شوێنی بەغدا مەترێک زەوی دەگاتە پانزە هەزار دۆلار و بەرەو سەرەوە، ئەمەش وایکردوە کرێ زۆر گران بێ و بەشێک لە خەڵکە کەمدەڕامەتەکە ناوەندی شاریان بەجێبهێڵن و هەوڵبدەن لە دەوروبەری شارەکە جێنشین بن، هەرچەندە ئەوانەی کە کارمەندی دەوڵەتن دەتوانن پێشینەی باش لە رێگەی بانکە حکومیەکان وەربگرن، بەڵام ئەمەش نەیتوانیوە چارەسەری گرانی کرێ بکات. خەڵک بەشێوەیەکی گشتی رایان لەسەر سودانی خراپ نیەو دەڵێن هەوڵدەدات کار بکات، بەڵام لەهەمان کاتیش دەست دەکەن بە جنێوبارانی حزب و میلیشیاکان، دەڵێن ئەم وڵاتەیان رزاندۆتەوە، خەڵکیان بێ هیواو بێ ئومێدکردوە. 

لەسێیەم رۆژم لە بەغدا سەردانی ئۆفیسی کۆمپانیاکەم کرد بەمەبەستی بینینی برادەرێک، کۆمپانیاکە هی ئامێرو پێداویستی پزیشکی بوو، لە شەقامی حەیفا، ئیتر کەوتمە گفتوگۆ لەگەڵ برادەرەکە، باسی لەوەکرد کە کاری بزنس بەشێوەیەکی باش بوژاوەتەوە پارەیەکی زۆر کەوتۆتە بازاڕو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەر کەسێک بیەوێ کاری بزنس بکات، خەڵکی تریش باسیان لەوەکرد کە ئەمرۆ بەغدا لەهەموو کاتەکانی تر چانسی بزنس و پرۆژەی زۆرە. دواتر ئەو شوێنەم بەجێهێشت و بە تەکسیەک گەڕامەوە بۆ ناوچەی مەنسور و خۆمکرد بە کافێەکی لوکس و جوان، کۆمەڵێک کارمەندی کچ و کور خزمەتیان دەکرد، بەڵام هەموویان خەڵکی سوریابوون،  زۆربەی شوێنە لوکس و مۆدێرنەکان خەڵکی سوری و لوبنانی بەرێوەی دەبەن، بە بەراورد بە شوێنانەی کە عیراقی بەرێوەی دەبەن هەم پاکترو هەم خواردن و ئیدارەکەشیان باشترە، ئەمەش جۆرێک لە رق و توڕەی لەناو خەڵک دروستکردوە لەبەرامبەر سوریەکان، پێیان وایە هاتنی ئەمان هەلی کاری کەمکردۆتەوە بۆ گەنجەکانیان!!! 

ماوەیەکی باش لە کافتریاکە دانیشتم چونکە چاوەڕی بزنسمانێکی خەڵکی هەولێرم دەکرد، دوای سەعاتێک زیاتر هات بۆ لام و ئیتر پرسیاری رەوشی بەغداو دەوروبەرەکەیم لێکرد، وتی ئێمە لێرەوە لە ئەنبار کاردەکەین و ئیشەکانمان باشن، بەڵام کێشەی ئێرە یاسا زۆر لاوازە ئەبێ زۆر عاقڵانەو وریایانە کار بکەی بۆ ئەوەی بەر میلیشیاو خەڵکی تر نەکەویت، هەروەها باسی لەوە دەکرد بزنسمانەکانی هەولێرو سلێمانی دێن بۆ ئەنجامدانی پرۆژە بەڵام کەم کەس هەوڵدەدات باڵەخانەو خانوو زەوی بکڕێ، چونکە دەترسن لەوەی بەیانی میلیشیاکان دەستی بەسەردابگرن، جگە لەوە باسی لەوەدەکرد بەئاسانی هەندێ خەڵک  دیکۆمێتی تاپۆ سەختە دەکەن و هەوڵدەدەن موڵکی خەڵکی تر بۆخۆیان بەرن، بەتایبەت خەڵکێکی زۆری سونە لە دوای شەڕی ناوخۆی عیراق لە ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٤ عیراقیان جێهێشتوەو بەشێک لە موڵکو ماڵیان داگیرکراوەو کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێ. 
زۆر گەڕام ئەم سێ رۆژە ویستم زۆر شوێنی شارەکە ببینم، شارێکە پڕە لە خەڵک پڕە لە میلیشاو چەک بەدەست، تەژییە لە باڵوێزخانەو قونسڵییەو لەهەر لاوە سەیر دەکەیت باڵاخانە بەرزدەبنەوە، بەڵام ئەوەی نەمبینی لەم پایتەختە، شاربوو بەمانا مەدەنی و شارستانیەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار