شەش ئەندامی ناوەندێکی راگەیاندنی سەر بە ئایەتوڵلا خامنەیی، لە سعوودییە دەرکران
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند، شەش هەواڵنێر و ئامادەکاری بەرنامە، کە کاریان بۆ گرووپی " بعثە ایران" دەکرد و سەر بە ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بوون، دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەربوون لە سعوودییە دەرکراون.
ئەم 6 کەسە کە لە لایەن "پەیمان جەبەلی" بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامییەوە، وەک ئەندامانای " گرووپی میدیایی بەعسە کۆماری ئیسلامی لە مەدینە" ناوبراون، پێش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٢٩ی ئایار گەڕانەوە بۆ تاران.
نوێنەرایەتی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بۆ کار و باری حەج "بعثە"ی بە مانای ناردنی دەستەو تاقم یان وەفدی سەربازی، سیاسی، کەلتووری بۆ شوێنێک یان ئەرکێکی پێسپێردراو مانا کردۆتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی دەنگ و رەنگی ئێران رایگەیاندووە، ئەم کەسانە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە میدیاییەکانی خۆیان و تۆمارکردنی قورعان خوێندنەوە لە مەزگەوتی نەبی ، دەستگیرکراون و دوای لێپرسینەوە نێردراونەتەوە بۆ ئێران.
میدیاکانی ئێران تا ئێستا لەمبارەوە هیچیان نەدرکاندووە.