رۆژی 3ی حوزەیران بۆ پەسەندکردنی خشتەی بودجەی عێراق دیاریکرا

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە رێگەی نوسراوێکەوە رایگەیاند، رۆژی 3ی حوزەیران بۆ پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى گشتى عێراق دیاریکراوە و دانیشتنێک دەکەن بۆ پەسەندکردنی.

ئەمرۆ هەینی31ی ئایاری 2024، سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق لە رێگەی راگەیاندراوێکەوە، رۆژى دووشەممە 3ى حوزەیرانى بۆ پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى گشتى عێراق دیاریکرد.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە ئاڕاستەى ئەندامانى پەرلەمان کراوە، "دانیشتنەکە کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ رۆژی دوشەممە دەستپێدەکات".

ئەمەش لە کاتێکدایە، پەرلەمانى عێراق بۆ پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى 2024 وەرزى یاسادانانى بۆ ماوەى مانگێک و تاوەکو نۆى حوزەیران درێژکردووەتەوە، بەڵام زیاتر لە 80 پەرلەمانتار بۆ بەجێهێنانى فەریزەى حەج چوونەتە سعودیە، ئەوەش پەسەندکردنى خشتەکانى بوجەى 2024 لە ماوەى درێژکراوەى وەرزى یاسادانان ئەستەم دەکات.

بەگوێرەى زانیارییەکان، پێش جەژنى قوربان، خوێندنەوەى یەکەم و دووەم بۆ خشتەکانى بودجەی 2024 دەکرێت، بەڵام پەسەندکردنیان دەکەوێتە دواى جەژن.

جێگای ئاماژەیە، رۆژى 19ی ئایار ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق خشتەکانى بودجە و کورتهێنانى پەسەندکرد و رۆژى 20 ئایار ئاڕاستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار