سەرۆک کۆماری عێراق بریاری سزای لەسێدارەدانی بەسەر 8 کەسدا جێبەجێکرد

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزای لەسەر لەسێدارەدانی 8 کەسکردووە كه‌ تاوانی تیرۆیان به‌سه‌ردا ساغبووه‌ته‌وه ‌و سه‌ربه‌ رێكخراوی داعش بوون.

ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024، ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، له‌ زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منیی و ته‌ندروستی عێراقه‌وه‌ رایگەیاند سزای له‌سێداره‌دانه‌كانی دوێنێ پێنج شه‌ممه 30 ی ئایاری 2024، ‌ به‌سه‌رپه‌ره‌شتی تیمی وه‌زاره‌تی داد له‌ گرتوخانه‌ی حوت له‌ شاری ناسریه‌ی پارێزگای زیقاری باشوری عێراق، جێبه‌جێ كراون.

سه‌رچاوه‌یه‌كی پزیشكی به‌ ئاژانسه‌كه‌ی راگەیاندووە، ته‌رمی له‌سێداره‌دراوه‌كان راده‌ستکراوەنەوە.

به‌گوێره‌ی یاسای عێراق، تاوانه‌كانی تیرۆر و كوشتن، سزاكه‌یان له‌سێداره‌دانه‌، به‌ڵام بۆ جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان ده‌بێت سه‌ره‌تا سه‌رۆك كۆمار ئیمزای له‌سه‌ر بكات و ئه‌و 8 كه‌سه‌ی، كه‌ سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ كراوه‌، به‌گوێره‌ی مادده‌ی 4ی یاسای روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر حوكمدراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە له‌ مانگی رابردووه‌وه‌، ئه‌مه‌ سێیهەمین گروپی تاوانباری تیرۆرن، كه‌ له‌ عێراق سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت، له‌ 22 نیسانی رابردوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق سزای له‌سێداره‌دانی 11 كه‌س له 6ی ئایاریشدا سزای له‌سێداره‌دانی 11 كه‌سی تر جێبه‌جێ كرد.

جێگای ئاماژەیە، کە دادگاكانی عێراق له‌م ساڵانه‌ی دوایدا سه‌دان حوكمی له‌سێداره‌دان و زیندانی هه‌تاهه‌تاییان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ سه‌ربه‌ گروپه‌ تیرۆرستییه‌كان بوون، ئه‌مه‌ش تۆمه‌تێكه‌ كه‌ سزاكه‌ی ده‌گاته‌ ئاستی له‌سێداره‌دان ئه‌گه‌ر هاتوو تۆمه‌تباری بكوژ له‌ ریزی ئه‌و گروپانه‌دا بێت.

له‌ماوه‌ی رابردووداشدا ، عێراق له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤه‌وه‌ روبه‌ڕووی ره‌خنه‌ بووه‌وه‌، تۆمه‌تبار كرا به‌وه‌ی پرۆسه‌ی دادگایكردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خێرا به‌ڕێوه‌ده‌بات و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌داندا، دانپێدانان له‌ ده‌ستگیركراوان وه‌رده‌گرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار