لە ژمارەیەک پەلاماری تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان 4 شەڕڤان شەهید دەبن و 12 هاونیشتمانیش برینداردەبن

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

لە ژمارەیەک پەلاماری تورکیادا بۆ سەر بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان چوار شەڕڤان شەهید دەبن و 12 هاونیشتمانیی سڤیلیش بریندار دەبن.

رۆژی شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەسەدە رایگەیاند، لە پەلامارێکی درۆنیی تورکیادا بۆ سەر کانتۆنی جزیری لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، چوار شەڕڤان شەهیدبوون و 12 هاونیشتمانیش برینداربوون.

بە گوێرەی راگەیێنراوەکەی هەسەدە، هێرشەکە بە درۆن بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک کراوە کە چوار شەڕڤانی تێدابوون.

هەروەها هێرشکراوەتە سەر ئامبوڵانسێکی مانگی سوور کە هەوڵیداوە بە هانای قوربانییەکانەوە بچێت.

ئاژانسی هاوار لە دوای رووداوەکە گوتەی قوربانییەکانی لە نەخۆشخانەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر وەرگرتووە و بەم جۆرە باسی رووداوەکەیان کردووە.

کاتێک بە ئاگاهاتوون بەشێک لە کێڵگەکانیان لە گوندی تەل حەمیس ئاگریان گرتووە، هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان داوە، بەڵام لەو کاتەدا لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە پەلاماریان دراوە.

زۆربەی ئەوانەی برینداربوون ئەندامی یەک خێزانن و تەمەنیان لە 10 بۆ 60 ساڵدایە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین جار باس لەوە کراوە، سوپای تورکیا بە ئەنقەست ئاگر لە کێڵگەی هاووڵاتیان لە رۆژئاوای کوردستان بەردەدات.

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر هەرزوو سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەمە تاوانێکی دیکەی جەنگە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا.

ئەمە بەردەوامی سیاسەتی جینۆسایدخواز و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایە".

هێرشەکە دوای یەک رۆژ لە گوتارێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دێت کە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری بە "تیرۆرستان" ناوبرد و وەک هەڕەشە بۆ سەر تورکیا باسی کردن.

بە گوێرەی ناوەندی زانیاری رۆژاڤا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا لانیکەم 103 جار پەلاماری رۆژئاوای کوردستانی داوە و لەو هێرشانەدا 28 هاونیشتمانی کوژراون و 44 کەسی دیکەش برینداربوون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار