ئەحمەدی نەژاد خۆی بۆ سەرۆککۆماری ئێران بەربژێردەکاتەوە

4 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووی ئێران خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ جاری سێیەم بەربژێردەکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تاوەکو ئێستا دوو جار ویستوویەتی خۆی بەربژێربکاتەوە، بەڵام لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای پارێزەرانی ئێرانەوە داواکارییەکەی قبوڵ نەکرا.

رۆژی یەکشەممە 2-6-2024، ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، داواکاریی بۆ بەربژێربوونی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا پێشکێشی ئەنجوومەنی پارێزەران کرد.

دوای پێشکێشکردنی داواکارییەکەی رایگەیاند، "دڵنیام ئەگەر ئەوپەڕی توانای نیشتمانیی خۆمان بەکاربهێنین، تەواوی کێشەکانی وڵاتەکە چارەسەر دەبن".

بڕیارە 28ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت.

ئەوەش دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە رووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا گیانی لەدەستدا.

ئەحمەدی نەژاد تەمەنی 67 ساڵە و لە 2005 تاوەکو 2013 سەرۆککۆماری ئێران بووە. لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاددا، پەیوەندی نێوان ئێران و رۆژئاوا لەوپەڕی خراپیدابووە.

هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوە، پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بوو.

داواکاریی بەربژێربوونی ئەحمەدی نەژاد لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزەرانی ئێرانەوە دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، پاشان دەتوانێت دەست بە کامپەینەکەی بۆ بوونەوە بە سەرۆککۆماری ئێران بکات.

لە 2017 و 2021دا لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە داواکارییەکەی رەتکرایەوە.

وەڵامی داواکارییەکەی ئەحمەدی نەژاد و بەربژێرەکانی دیکەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، 11ی ئەم مانگە دەدرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار