بە داهاتی دەروازەكان دەتوانرێت موچەی پێشمەرگە بدرێت

تەنها داهاتی دەروازەی ابراهیم خلیل بەشی مووچەی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەكات

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی، هەرێم شێرە

 بە پێی راپۆرتێکی دیوانی چاودێری هەرێم داهاتی مانگانەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە(111) ملیار دینارە، هەروەها داهاتی مانگانەی دەروازەی ابراهیم خەلیل بە تەنها نزیکەی (60) شەست ملیار دینارە.

لە بەرامبەریشدا موچەی وەزارەتی پێشمەرگە (133) ملیار دینار و هەروەها موچەی مانگانە دەزگاو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم نزیكەی (63) ملیار دینارە.

واتە تەنها بە داهاتی دەروازەكانی ئەم دوو مانگەی رابردوو حکومەتی هەرێم دەیتوانی موچەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە بدات و هێشتا 89 ملیار دیناریش وەک داهات بۆ حکومەتی هەرێم دەماوە.

جگە لەمەش حکومەتی هەرێم تەنها لە رێگای داهاتی مانگانەی دەروازەی ابراهیم خلیل دەیتوانی لە %95 موچەی کارمەند و ئەفسەرانی ئەنجومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم دابینبکات.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بەرپرسانی هەرێم بە بەردەوامی لە کۆڕ و لێدوانەكانیاندا ستایشی هیزەکانی پێشمەرگە دەکەن و بە سیمبول و پارێزەری کوردستان ناویان دەبەن کەچی ماوەی 55 رۆژە پێشمەرگەو ئەفسەرانی ئاسایش خۆیان و خێزانەکانیان لەبەر بێ موچەیی لە باردوخۆێکی سەختی داراییدان و لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر نابەرپرسیارانە مامەڵە دەكەن و هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەری كێشەكە نانێن،لە کاتێکدا وەک باسمان کرد تەنها لە رێگای داهاتی دەروازەکان دەیانتوانی موچەکانیان پێبدەن.

لە ماوەی ڕابردودا سەرەرای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە قوربانی زۆریان داوە بەڵام لە نێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم ڕۆڵ و قوربانیدانیان لەبەرچاو نەگیراوە،لە شەری داعشدا هێزەكانێ پێشمەرگە زیاتر لە ١٨٠٠ هەزارو هەشت سەد شەهیدیان دا بەڵام عەبادی كە سەرۆك وەزیرانی عێڕاق بوو لە كاتی گوتاری سەركەوتن بەسەر داعشدا بە یەك وشەش باسی ڕۆڵی پێشمەرگەی نەكرد،دەسەڵاتدارانی هەرێمیش تا ئێستا نەیانتوانیەوە سادەترین مافیان كە دابین كردنی موچەكانیتیان بۆیان دابین بكەن،بۆیە لە ئێستادا دەتوانین بڵێین كە پێشمەرگە مافخوراوترین چینی كۆمەڵگایە٠٠

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار