80 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران پاڵاوتووە

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی دووشەممە 3 حوزەیرانی 2024، لە دوایین رۆژی مۆڵەتی ناونووسینی پاڵێوراوانی سەرۆککۆماری ئێراندا 43 کەس ناویان نووسیوەو خۆیان پاڵاوتووە، بەم شێوەیە لە ماوەی 5 رۆژدا 80 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران ناونووس کردووە.

ئەم هەڵبژاردنە بۆ جێگرتنەوەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوە ئەچێت کە رۆژی 19ی ئایاری 2024، بە هۆی کەوتنە خوارەوەی کۆپتەرەوە گیانی لە دەستدا.

بە پێی زانیارییەکان لەم رۆژەدا ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێشتری پەرلەمانی ئێران و وەزیر و بەرپرسانی پێشتری ئێران خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پاڵاوتووە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیران، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری پێشتری ئێران، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پاڵاوت.

جەهانگیری لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بۆ ساڵی 2017 بەشداری کردبوو، بەڵام لە بەرژەوەندی حەسەن رووحانیدا کشایەوە و پشتیوانی خۆی لە رووحانی دەربڕی.

ساڵی 2021، خۆی پاڵاوتبوو، بەڵام لە لایەن ئەنجومەنی چاودێرییەوە شایستە بوونی رەت کرایەوە و نەچووە لیستی کۆتایی پاڵێوراوەکانەوە.

هەروەها هەر لەم رۆژەدا محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پاڵاوتووە.

مستەفا پوور محەممەدی ، کە پێشتر وەزیری ناوخۆی ئێران بووە و یەکێک بووە لە ئەندامانی لە سەردەمی ئێعدامەکانی هاوینی 1987 بە لێژنەی مەرگ ناویان دەرکردبوو، خۆی بۆ سەرۆککۆماری پاڵاوتووە.

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری پێشتری ئێران کە بە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە گیانی لە دەستدا، سەرۆکی ئەو چوار کەسە بوو کە بە لێژنەی مەرگ دەناسران.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار