بەریتانیای گەورە بە سێ هەڵبژاردە لە پاڵەوانێتیی ئەوروپا 2024 بەشدارە!

2 مانگ لەمەوپێش



بەکر شوانی

بەشداریکردنی بەریتانیا بە 4 ھەڵبژاردەی نیشتیمانی لە پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێدا پێشینەیەکیی مێژوویی پەیوەست بە نیشتمانی دایکەوەی هەیە. مێژووی دامەزراندنی یەکێتییەکانی تۆپی پێ لە بەریتانیای گەورە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم؛ ئینگلاند 1863، سکۆتلاند 1873، وێلز 1876 و ئیرلاند 1880. دواتر ئەو یەکێتییانە بۆ ئەوەی ڕێسا و بنەما جیاوازەکانی خۆیان یەك بخەن، (ئیفاب) واتا (International Football Association Board - Ifab) یان دامەزراند و ئەو ڕێکخراوە نوێیە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی 1886دا بەست.

یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی "فیفا" 18 ساڵ دواتر، واتا ساڵی 1904 ھاتە دامەزراندن. فیفا دانی بە ڕێساکانی ئیفاب دا نا و ساڵی 1913 خۆیشی بوو بە ئەندام تیایدا. تا ئەمڕۆیش ھەر ئیفاب بڕیار لەسەر گۆڕانکاری لە ڕێساکانی تۆپی پێدا دەدات نەك فیفا.

بەو جۆرە ئیفاب مەرجەکانی خۆی بەسەر فیفادا سەپاند و هەر چوار هەڵبژاردەکەی بەریتانیای گەورە وەك ھەڵبژاردەی نیشتمانیی سەربەخۆ لە فیفادا وەرگیران. ئیرلەندا ساڵی 1921 لە بەریتانیا جیابووە و سەربەخۆیی ڕاگەیاند. بۆیە باکوری ئیرلەندا لە تۆپی پێدا جێگەی ھەڵبژاردەی نیشتمانیی ئیرلەندای گرتەوە.

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یویفا) کە ساڵی 1954 ھاتە دامەزراندن، نەیتوانی لە فەرمانی ئیفاب دەربچێت و ئەویش ھەر چوار تیمەکەی بەریتانیای گەورەی بە ئەندام وەرگرت. بەڵام کۆمیتەی ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی ئەو مەرجەی ئیفابی پەسەند نەکرد، بۆیە تەنیا یەك ھەڵبژاردەی تۆپی پێ بەناوی بەریتانیای گەورەوە لە ئۆڵۆمپیاددا بەشداری دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار