بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران دەستی پێکرد

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

میدیا ئێرانییەکان باس لەوە ئەکەن بانگەشەی هەڵبژاردنی پاڵێوراوانی پەسەندکراوی سەرۆککۆماری ئێران، لە رێگای رادیۆ و تەلەفیزیۆنەوە رۆژی دووشەممە 10ی حوزەیران دەستی پێکرد.

هاوکات سیستمی دادوەری ئێران، سکاڵای لەسەر دوو میدیای "حاشیە نیوز" و "بامداد نو" تۆمار کردووە لەسەر چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران.

تەلەفیزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند بەوە بەرنامەی بانگەشەی پاڵێوراوەکانی سەرۆککۆماری لە ئەمڕۆ دووشەممەوە دەست پێدەکات، هاوکات رایگەیاند یەکەم دیبەتی پاڵێوراوان رۆژی 17ی حوزەیران بەڕێوەئەچێت.

بە پێی بەرنامەی راگەیەندراوی تەلەفیزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی، تا رۆژی 25ی حوزەیران، 5 دیبەیتی تەلەفیزیۆنی لە نێوان پاڵێوراوەکاندا بەڕێوە ئەچێت.

هاوکات بەشی راگەیاندنی سیستەمی دادوەری ئێران، سکاڵای لەسەر دوو میدیای " حاشیە نیوز" و " بامداد نو" تۆمار کردووە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست دەربارەی هەڵبژاردنەکان.

بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران، بۆ جێگرەوەی "ئیبراهیم رەئیسی" سەرۆککۆماری ئێران کە رۆژی 19ی ئایار، لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەر گیانی لە دەستدا، 80 کەس خۆیان پاڵاوتبوو و لەو 80 کەسە ، 6 کەسیان لە لایەن ئەنجومەنی پارێزەرانی کۆماری ئیسلامییەوە شایستەبوونیان پەسەند کرا و 74 کەسیان لەوانە کەسانێکی دیاری وەک " مەحموود ئەحمەدی نژاد" سەرۆککۆماری پێشتری ئێران و عەلی لاریجانی شایستەبوونیان رەت کرایەوە.

هەڵبژارندەکانی سەرۆککۆماری ئێران رۆژی هەینی 28ی حوزەیران 2024 بەڕێوەئەچێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار