محەمەد رەزا نووری کێ بوو؟

3 هەفتە لەمەوپێش



  هاوڵاتی

بە پێی کۆمەڵێک زانیاری کە تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشناڵ" رۆژی سێ شەممە 11ی حوزەیرانی 2024، بڵاوی کردۆتەوە، محەمەد ڕەزا نووری، ئەندامی هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران کە بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتییەکی ئەمریکی، لە عێراق زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران دەستگیرکرابوو.

کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێونەتەوەیی وەزارەتی دادی ئێران، رۆژی دووشەممە 10ی حوزەیرانی 2024، لەگەڵ ئەوەی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دراوەتە پاڵ محەمەد ڕەزا نووری وتوویەتی، ئەمریکا داوای کردووە ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران رادەستی ئەمریکییەکان بکرێت، بەڵام عێراق رازی نەبووە.

هاوکات بە پێی هەندێک لە زانیارییەکان ماوەیەکی کەم لەوە پێش، عەلی باقری کەنی، سەرپەرەشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەردانی عێراقی کردووە بۆ گفتگووگۆ دەربارەی ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران.

دۆسییەی محەمەد رەزا نووری لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە میدیاکانی ئێران هاتە بەرباس.

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی پێشتری ئێران کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەر لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی گیانی لە دەستدا، رۆژی دووشەممە 13ی ئایار 2024، لە گەڵ بنەماڵەی نووری دیداری کرد و بە بنەماڵەکەی راگەیاند ماوەیەکە هەوڵی ئازادکردنی دەدات.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی محەممەدرەزا نووری وەک راوێژکاری میدیای ناو ئەبەن، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشنال" محەممەدڕەزا نووری لەم ساڵانەی دواییدا بە هاوکاری ئەندامێکی بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی نوجەبا، کەڵکی لە پەیوەندییەکانی وەرگرتووە بۆ ئەوەی خەریکی بازرگانی بێت بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی لە عێراق و کۆمەڵێک گرێبەستی بازرگانی رێکخستووە.

 رووداوی کوشتنی هاوڵاتییە ئەمریکییەکە ستیڤن ئێدوارد ،هاوڵاتیەکی ئەمریکی و مامۆستای قوتابخانە رۆژی 7ی تشرینی دووهەمی 2022 لە کەڕادە، ناوەندی بەغداد کوژرا.

هەمانڕۆژ گرووپی "اصحاب الکهف" بەرپرسایەتی کوشتنەکەی گرتە ئەستۆ. "ئەنیستیتۆی لێکۆڵینەوەی واشنگتۆن" رایگەیاند گرووپی "اصحاب الکهف" سەر بە «عصائب اهل الحق»ە و پلاتفۆڕمەکانی "عصائب اهل حق" نزیکییەی زۆری لەگەڵ "اصحاب الکهف" هەیە و ئەم کردەوە تیرۆریستییەش لە ناوچەیەک بووە کە "عصائیب اهل حق" باڵادەستە لەو ناوچەیە.

رۆژی 23ی ئازاری 2023،محەممەد رەزا نووری وێڕای چوار ئەندامی هێزە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق، بە تۆمەتی کوشتنی مامۆستایەکی ئەمریکی بە ناوی " ستیڤن ئێدوارد ترۆئێل" دەستگیرکران.

ستیڤن ئێدوارد هاوڵاتییەکی 45 ساڵ تەمەنی ئەمریکی و خەڵکی ویلایەتی "تێنسی" لە باشووری ئەمریکا، لەگەڵ ژن و مناڵەکەی لە عێراق ئەژیا. ستیڤن ئێدوارد مامۆستای قوتابخانە بوو.

گرووپی "اصحاب الکهف" رایگەیاند ئەم مامۆستا ئەمریکییەی لە تۆڵەی کوشتنی "قاسم سلێمانی" فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کوشتووە.

رۆژی 23ی ئازار، محەممەد رەزا نووری و 4 هاوڵاتی عێراقی ئەندامی " عصائب الحق" لە نەجەف دەستگیرکران.

رۆژی 31ی ئابی 2023، لە لایەن دادگای تاوانەکانی کەرخی عێراقەوە، محەممەد رەزا نووری و 4 هاوڵارییە عێراقییەکە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ بڕایەوە.

تاوانبارەکان لە دادگا دانیان بە کشتنی " ستیڤن ئێدوارد"دا ناوەو باسیان لەوە کرد سەرەتا دەیانویست ئەم هاوڵاتییە ئەمریکییە بدزن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پرۆسەی دادگایی کردنی ئەم ٥ کەسەی بە عادڵانە ناوبرد و پێشوازی کرد لەو بڕیارەی دادگا.

 سیخوڕ لە تاران، بکوژ لە عێراق محەممەد رەزا نووری بە پێی ئەوەی لە پاسپۆرتەکەیدا هاتووە، 25ی حوزەیرانی 1987ە لە تاران لە دایکبووە.

بە پێی کۆمەڵێک زانیاری ، ئەم هاوڵاتییە ئێرانییە، هاوکاتی هاوڵاتی سووریا بووە و لە سووریا بە "ئەبوو عەباس" ناسراوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی ئێراندا هاتووە، لە شەڕی ناوخۆ لە سووریا بەشداری کردووەو کەسێک بووە نزیک لە قاسم سلێمانی.

بە پێی کۆمەڵێک زانیاری کە ایران اینترنشناڵ بڵاوی کردۆتەوە، محەممەد رەزا نووری، چەند ساڵ لەوە پێش دوای ئەوەی لە سووریاوە گەڕاوەتە بۆ ئێران، بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکراوەو 9 مانگ لە زیندان بووەو لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوەو وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و رێکخراوی هەواڵگری سوپای پاسداران، هاوکات رایانگەیاند گومانیان هەیە لەم ئەندامەی سوپای قودس.

دەوترێت ئەوەی کە سوپای پاسداران لە میدیاکانی خۆیدا ئامادە نەبووە ئاماژە بە ناو و تۆمەتی ئەم کەسە بکات و باس لەوە بکات لە تۆڵەی قاسم سولەیمانیدا ئەم هاوڵاتییە ئەمریکییەی کوشتووە، بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە سوپای پاسداران گومانی بووە لەوەی کە سیخوڕ بێت.

بەڵام هەوڵی ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران، رادەستی ئەمریکییەکان بکرێت بووە بە هۆی ئەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدا بن ئازادی بکرێت.

لەگەڵ دەستپێکی هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی، میدیاکانی ئێران دوای زیاتر لە 1 ساڵ ناویان محەممەد رەزا نووری بردووە وەک کەسێک کە 400 رۆژە لە زیندانە و باسیان لەوە کردووە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

میدیاکانی ئێران لە لایەکەوە باسیان لەوە کردووە کە تۆمەتی کوشتن بێ بنەمایە و ئەو تۆمەتەیان رەت کردۆتەوە.

لە لایەکیترەوە باسیان لەوە کردووە ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییەی کە کوژراوە، هاوڵاتییەکی ئاسایی نەبووە.

هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی عێراق، پەیماننامەی رادەستکردنی سزادراوەکانیان واژۆ کردووە، بەڵام عێراق تا ئێستا رازی نەبووە نووری رادەستی ئێران بکات. تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشناڵ" باسی لەوە کردووە نووری یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی بەشی عەرەبی " صابرین نیوز" راگەیاندنی بەرگری ئیسلامی لە عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار