پاڵێوراوەکانی سەرۆک کۆماری ئێران و پەیوەندییان لەگەڵ سوپا

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ جێگرەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران کە 19ی ئایاری 2024 لە رووداوی کەوتنە خوارەوەی کۆپتەر گیانی لە دەستدا، چەند رۆژیتر و رۆژی 28ی حوزەیران بەڕێوەئەچێت. 80 کەس خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە ناونووس کردبوو، بەڵام لە کۆی ئەو 80 کەسە تەنها شەش کەس لە لایەن ئەنجومەنی پارێزەرانی کۆماری ئیسلامییەوە پەسەندکراون. ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی پێشتری کۆماری ئیسلامی لەوانە مەحموود ئەحمەدینژاد، سەرۆک کۆماری پێشتری ئێران پەسەند نەکران.

لە ئێستادا باس لەوە ئەکرێت ئەم 6 کەسە پەیوەندی پتەویان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە و سوپای پاسداران دەیەوێت سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران دیاری بکات.

لە بابەتەدا باس لە پەیوەندی هەرکام لە 6 پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری ئەکرێت لەگەڵ سوپای پاسداران و جۆری پەیوەندییەکانیان، ئەوەی ئاشکرایە ئەم 6 کەسە کە ناویان هاتووە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. کەسانێکیان پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ سوپا هەبووەو خۆیان پێشتر ئەندامی سوپای پاسداران بوون. ئەوانیتریشیان ئەگەر خۆشیان ئەندامی سوپا نەبن، بەرپرسی کاروباری بانگەشەکردنیان، پاسدار بوە، وانەی بە پاسدارەکانی سوپا وتۆتەوە یان ئەوەیە لە دەسەڵاتی پێشتریدا جێگرەکەی پاسدار بووە. 

هەرچەند رەمەزان شەریف، وتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، سوپای پاسداران دەست لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وەرنادات، بەڵام یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسی سوپا پاسداران لە سمینارێک لە ژێرناوی " سمیناری روونکردنەوەو لێکدانەوەی پرسەکانی هەڵبژاردن" بە ئاماژە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار وتی، "هەر کەس لەم هەڵىژاردنەدا براوە بێت، ئەنجامەکەی ئەکرێ 2 شت بێت؛ یەکەم ببێت بە هۆکاری بەرهەمهێنانی هێز، دووهەم هۆکارێک بێت بۆ دروستبوونی ئالنگاری"، سوپای پاسداران تەنها هێزێکی سەربازی نییە. سوپای پاسداران و بەسیج وەک بەشێک لە سوپا، لە راستیدا دەسەڵاتی باڵان لە ئێران".

لەم راپۆرتەدا باس لە پەیوەندییەکانی هەر کام لە 6 پاڵێوراوەکان ئەکرێت لەگەڵ سوپای پاسداران.

- محەممەدباقر قاڵیباف

قاڵیباف کەسێکە هەر لە سەردەمی لاوێتییەوە تێکەڵ بە سوپای پاسداران بووە. لە تەمەنی 19 ساڵییەوەو ساڵی 1979 تا 2005 بە فەرمی لە سوپا بووە. ئەمیرعەلی حاجیزادە، یەکێک لەفەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، ئازاری 2024، قاڵیبافی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی شارە مووشەکییەکانی سوپاسداران ناوبرد و  وەک کەسێک کە بەردەوام لە هەوڵدایە و ماندوو نەناسە ناوی برد  و باسی لەوە کرد ئابووری وڵات پێویستی بە کەسی وەک قاڵیباف هەیە.

قاڵیباف ساڵی 2005 وەک سەرۆکی شارەوانی تاران دیاریکرا، ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی شارەوانی تاران بوو. لە سەردەمی ئەودا، سوپای پاسداران و بەتایبەت کۆمپانیای " هۆڵدینگ یاس" سەر بە سوپای پاسداران بەشداری راستەوخۆیان هەبوو لە چالاکییە ئابوورییەکانی شارەوانی تاران.

تەنانەت ساڵی 2023، ئەو کاتەی سەرۆکی پەرلەمان بوو، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێرانی لە بەرژەوەندی سوپای پاسداران گۆڕی.

- عەلیڕەزا زاکانی

عەلیڕەزا زاکانی هاوشێوەی قالیباف، سەرۆکی شارەوانی تاران بووە. زاکانی 8ی ئابی 2021 وەک سەرۆکی شارەوانی تاران دیاری کرا. بەڵام جۆری پەیوەندی زاکانی لەگەڵ سوپای پاسداران جیاواز بووە لە جۆری پەیوەندی قاڵیباف.

لە سەردەمی جەنگی ئێران-عێراق ئەندامی سوپای پاسداران بووەو بەشداری لە جەنگدا کردووەو بریندار بووە، لە سەردەمی ناڕەزایەتی خوێندکاران لە ساڵی 1999 ، کە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار کوژران و بێسەروشوێن بوون، ئەندامی بەسیجی خوێندکاریبووەو بەشدار بووە لە سەرکەوتی خوێندکارەکان. ساڵی 2013، ئیسماعیل کەوسەری یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران پشتیوانی لە زاکانی کرد و وتی :" زاکانی لە سەردەمی ریفۆرمخوازەکاندا ( سەردەمی سەرۆککۆماری محەممەد خاتەمی) یەکێک بوو لە بەرپرسەکانی بەسیجی خوێندکاری و ئەرکی خۆی بە باشی جێبەجێکرد، ئێمەش پشتیوانیمان کرد لەبەر ئەوەی لە سەردەمی جەنگی 8 ساڵەی عێراق- ئێرانەوە ئەمانناسی.

ساڵی 2021، ئەو کاتەی گومان هەبوو لەوەی زاکانی وەک سەرۆکی شارەوانی تاران هەڵبژێردرێت، ماڵپەڕی فارس نیوز، ماڵپەڕی فەرمی سوپای پاسداران، هێرشی کردە سەر رەخنەگرەکانی زاکانی و نووسی :" بە دڵنیاییەوە زاکانی ئەبێت بە سەرۆکی شارەوانی"، نیسانی 2022 زاکانی رایگەیاند ، 5 بنکەی لە تاران دامەرزاندووەو سوپا و بەسیج تێیدا چالاکن. 
زاکانی، لوتفوڵڵا فرووزەندەی وەک بەرپرسی ناوەندی بانگەشەکردنی خۆی هەڵبژاردووە. فرووزەندە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵی " خۆبەخشانی شۆڕشی ئیسلامی" کە فەرماندە پێشترەکانی سوپای پاسداران تێیدا چالاکن و لە سەرەتای دەیەی 2000 لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا دەورێکی گرینگیان هەبوو و بەتایبەت لە دیاریکردنی مەحموود ئەحمەدینژاد وەک سەرۆککۆمار لە ساڵی 2005.

- سەعید جەلیلی

سەعید جەلیلی بەوە ناسراوە کە کەسێکی توندڕەوەو لە بناژۆخوازە توندڕەوەکانە، بەڵام هاوشێوەی قاڵیباف یان زاکانی پەیوەندی راستەوخۆ و رێکخراوەیی لەگەڵ سوپای پاسداران نەبووە.  بەدەر لەمەش قسەیەک لە زاری قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشتری سوپای پاسدارانەوە دەگێڕدرێتەوە کە وا دەرئەکەوێت قاسم سلێمانی شێوەی بەڕێوەبردنی سەعید جەلیلی بەلاوە پەسەند نەبووە. لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماری 2013، سەعید جەلیلی یەکێک بوو لەو کەسانەی پاڵێوراو بوو. موجتەبا زولنوور یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە زاری قاسم سلێمانییەوە گێڕابوویەوە کە وتوویەتی :" ئەگەر جەلیلی ببێت بە سەرۆککۆمار، من یەک رۆژ لە سوپای قودسدا نامێنمەوە." سلێمانی وتبووی ئەو دەیهەوێت هەموو شتەکان لە بەردەست خۆیەوە دەرچێت و ئاگاداری هەموو شتەکان بێت و چەکی بانکی چایچییەکانیش خۆی واژۆی بکات. 

بە هەموو ئەمانەوە میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران پەیوەندییەکای باشیان لەگەڵ سەعید جەلیلی بووەو هەیە. ماڵپەڕەکانی فارس و تەسنیم، رۆژنامەی جەوان و کەناڵی تەلەفیزیۆنی "افق" کەناڵی سوپای پاسداران، لایەنگری لە جەلیلی ئەکەن. هەموو ئەم ماڵپەڕ و رۆژنامە و تەلەفیزیۆنانە سەر بە سوپای پاسدارانن. 

موحسن مەنسووری، بەرپرسی ناوەندی بانگەشەی سەعید جەلیلی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. مەنسووری لە سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی و بۆ ماوەی زیاتر لە 1 ساڵ، لە تشرینی یەکەمی 2021 ەوە تا تشرینی دووهەمی 2022 ، پارێزگاری تاران بوو و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی وەک بەرپرسەکانی پارێزگا دیاری ئەکرد.

- پوورمحەممەدی

مستەفا پوور محەممەدی لە دەیەی 1980 و هاوینی 1988 یەکێک بوو لەو کەسانەی بە "لێژنەی مەرگ" ناویان ئەبرا و لەو هاوینەدا زیاتر لە 15 هەزار کەس لە چالاکانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دران. 

پوورمحەممەدی لە دەوری یەکەمی سەرۆککۆماری مەحموود ئەحمەدی نژاد، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەو کاتە محەممەد باقر زولقەدری وەک جێگری خۆی لە وەزارەتی ناوخۆ دیاریکرد. محەممەد باقر زولقەدر لە ئێستادا کەسی دووهەمە لە ناو سوپای پاسداران و جێگری فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانە.

- قازی زادە

ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی، یەکێکیتر لە پاڵێوراوەکانی سەر بە باڵی بناژۆخوازە. لە 6 پاڵێوراوەکە تەنها "پزیشکیان" لە لایەن ڕیفۆرمخوازەکانەوە پشتیوانی ئەکرێت.
ئەمیرحسێن قازی زادە پێشتر بەرپرسی " رێکخراوی شەهید و خۆبەخشەکان" بووە کەسەر بە سوپای پاسدارانە. بێگومان پەیوەندی باشی بووە لە گەڵ سوپای پاسداران. محەممەد رەزا میرشەمسی، بەرپرسی ناوەندی بانگەشەی قازی زادە، پێشتر جێگری  بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی زانکۆی " ئیمام حسێن" بووە کە زانکۆیەکە سەر بە سوپای پاسداران. 

- پزیشیکیان
مەسعوود پزیشکیان، پاڵیوراوێکی ئازەرییە کە لە مەهاباد لە دایکبووە، باوکی پزیشکیان دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بووە بە بەرپرسی سەربازی شارەکە. پزیشکیان کوردییەکی زۆر باش ئەزانێت. بەڵام زۆر دژە کوردە و هەڵوێستەکانی وەک کەسێکی دژە کورد دەرکەوتووە. 

پزیشکیان تەنها پاڵێوراوێکە لە لایەن باڵی ریفۆرمخوازەوە پشتیوانی ئەکرێت. پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ سوپای پاسداران نەبووە. پزیشکیان بۆ ماوەی 5 دەورە نوێنەری پەرلەمان بووە. لە سەردەمێکدا کە سوپای پاسداران کەوتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، وەک هەموو نوێنەرەکانی پەرلەمان جلی سوپای کردە بەر و لە پەرلەمان ئامادە بوو. کانوونی یەکەمی 2022 لە کاتی وتاردانێکی لە زانکۆ تاران، لە وەڵامی خوێندکارێکدا کە رەخنەی گرتبوو بۆچی جلی سوپای لە بەر کردووە وتی :" ئێستەش جلی سوپا لەبەر ئەکەم، ئەگەر سوپا نەبوایە ئەم وڵاتە دابەش ئەبوو، وڵات نەدەما".

پزیشکیان لە سەردەمی شەڕی 8 ساڵەی عێراق – ئێراندا لە بەرەی شەڕ بووەو جلی سوپای لەبەر بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار