وەزارەتى گواستنەوەى عێراق، پڕۆسەى گەڕانەوەى حاجییان لەئەمڕۆ هەینییەوە تاوەکو 3ى تەمووز بەردەوام دەبێت

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە ئەمڕۆ هەینییەوە، یەکەم کاروانى حاجییان بەرەو عێراق دەست بەگەڕانەوە دەکەن و تاوەکو 3ی تەمووز بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەى راگەیەندراوێک، کە شەوى رابردوو 20ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بڵاویکردووەتەوە، لەئەمڕۆ هەینییەوە، یەکەم کاروانى حاجییان، لەرێگەى فڕۆکەخانەى جەددەوە دەگەڕێنەوە بۆ فڕۆکەخانەکانى عێراق، هەروەها بۆ هەر رۆژێک دوو گەشت ئەنجامدەدرێت.

وەزارەتى گواستنەوەى عێراق، ئاماژەى بەوەشکردووە، پڕۆسەى گەڕانەوەى حاجییان لەئەمڕۆ هەینییەوە تاوەکو 3ى تەمووز بەردەوامدەبێت، ئەوانیش وەک وەزارەتەکەیان، تەواوى ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردووە.

هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو، کارگێڕى فڕۆکەخانەکان پلانى پێشوەختەیان ئامادەیە، بەمەبەستى سەلامەتى و کوالێتى خزمەتگوزارییەکانیان لەبەرامبەر پێشوازیکردن لە حاجییانى ماڵى خودا.

جێگای ئاماژەیە، پشکی عێراق، لە وەرزی حەجى ئەمساڵ، 33 هەزار و 690 حاجی بووە، لەو ژمارەیەش پشکی هەرێمی کوردستان بە 13.9%ی کۆی پشکی عێراق دیاریکراوە، ئەم پشکە رێبەران و بەڵێندەر و کارگێڕان لەخۆ دەگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار