لە میسر 16 کۆمپانیای حەج و عەمرە بەهۆی گیان لەدەستدانی حاجییانەوە مۆڵەتیان لێسەندرایەوە؛ 658 حاجی میسر مردوون

3 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی

لە میسر دەیان کۆمپانیای حەجکردن سزادران بەهۆی ئەوەی حاجیانیان بە قاچاخ بردووەتە مەککە. ئەمەش دوای ئەوەی نزیکەی 700 حاجیی ئەو وڵاتە لە مەراسیمی حەجدا گیانیان لەدەستداوە.

رۆژی شەممە 22-6-2024، حکومەتی میسر راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە ئەو کۆمپانیایانە رێگەپێدانەکانیان لێوەربگیرێتەوە، بەڕێوبەرەکانیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و خێزانی حاجییەکانیش قەرەبووبکرێنەوە".

بڕیارەکەی مستەفا مەدبوولی، سەرۆکوەزیرانی میسر دوای ئەوە هات، تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 100 حاجی لە مەککە و شوێنەکانی دیکەی بەڕێوەچوونی مەراسیمی حەجکردن لە تەواوی جیهان گیانیان لەدەستداوە.

لەو ژمارەیە 658 حاجییان خەڵکی میسر بوون و 630 کەسیان بە نایاسایی چوونەتە سعودیە. بڕیارەکەی حکومەت 16 کۆمپانیای حەجکردن لەو وڵاتە دەگرێتەوە.

بەرپرسانی میسر رایانگەیاندووە، هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی حاجیان رێکخستنی گەشتی حەجە بە ڤیزای گەشتکردن بۆ سعودیە؛ بەو جۆرەش حاجییان رێگەیان نەدراوە بچنە مەککەوە و بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە.

مەراسیمی حەج بە یانسیب بۆ حاجیان لە سەرتاسەری جیهان دەردەچێت و تێچوویەکی زۆری هەیە. لە ساڵی 2019ـەوە چوونە حەج بە رێگەی قاچاخ روو لە زیادبوون بووە و حاجییان لەو رێگەیەوە بڕە پارەیەکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە.

لە 2019دا سعودیە پێدانی ڤیزایەکی گەشتکردنی راگەیاند، ئەوەش چوونە ناو سعودیەی بۆ هاووڵاتیان بە تایبەت حاجییان ئاسانتر کرد.

تەنیا لە رۆژی عەرەفەدا، کە حاجیان لە ژێر گەرمای سەختی هاویندا دەچنە سەر کێوی عەرەفە لە مەککە، بەرپرسانی سعودیە 577 گیانلەدەستدانیان پشتڕاستکردووەتەوە.

حەج یەکێک لە پێنج پایەکەی ئیسلامە و لەسەر هەموو پەیڕەوکارێکی ئەو ئاینە ئەرکە بیکات. سعودیە دەڵێت، لە مەراسیمەکەی ئەمساڵدا 1 ملیۆن و 800 هەزار حاجی بەشدارییان کردووە و 1 ملیۆن  و 600 هەزار کەس خەڵکی بیانی بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار