هاتووچۆی عێراق، سیستمێکی هاتووچۆی یەکگرتوو لە نێوان عێراق و هەرێم دادەنرێت

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، محەمەد عەلی بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەكان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق رایگەیاند، كار بۆ ئەوە دەكەن سیستمێكی هاتوچۆی یەكگرتوو لە نێوان هەرێم و عێراق دابنێن.

محەمەد عەلی ئاماژەی بەوەشدا، هەماهەنگیی راستەوخۆ لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم سەبارەت بە سیستمی هاتوچۆی یەكگرتوو هەیە.

سەبارەت بە کارکردن لەسەر ئەم سیستەمە وتی، وەفدێك لە هەرێمەوە سەردانی بەغدادیان كردووە، بەمەبەستی ئامادەكردنی سیستمێكی هاتوچۆی یەكگرتوو كە لەڕێگایەوە داتا و زانیاری ئاڵوگۆڕ دەكرێت.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، "سیستمەكە بریتییە لە وەرگرتنی غەرامە دەستبەجێ لە ئۆتۆمبێلی سەرپێچیكار لە هەرێم كە تابلۆی بەغدادی لەسەربێت، بە جۆرێك شۆفێرەكە دەتوانێت غەرامە لە هەرێم بدات، بە پێچەوانەشەوە".

محەمەد عەلی دەربارەی لەیەک چوونی هاتووچۆی هەرێم بەغداش دەڵێت، "یاسای هاتوچۆی نێوان بەغداد و هەرێم زۆر لەیەك دەچن، بەڵام لە بڕی غەرامەكاندا جیاوازن".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار