رۆژنامەی تێلەگراف، حزبوڵڵا چەکە ئێرانییەکانی لە فڕۆکەخانەی بەیرووت حەشار داوە

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژنامەی بەریتانیایی تێلەگراف، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی تایبەت بە خۆیەوە بڵاوی کردۆتەوە، حزبوڵڵای لوبنان، بڕێکی زۆر چەک و چۆڵ و مووشەک و تەقەمەنی دروستکراوی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی مەدەنی بەیرووت شاردۆتەوە.

ئەم رۆژنامەیە رۆژی یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024 بڵاوی کردەوە لەم کۆگایەدا مووشەکانی فەلەق دروستکراوی ئێران، مووشەکی کورت مەودای فاتح-110 و مووشەکی بالستیکی و مووشەکی M_600 حەشار دراون.

هەروەها لەم فڕۆکەخانەیەدا مووشەکی کۆنتڕۆڵکراوی دژە تانکۆ کۆرێنت، بڕێکی زۆر مووشەکی بالستیکی بورکان، ماددەی تەقینەوەی RDX، تۆزێکی سپی ژەهراوی بە ناوی سیکلۆنێت حەشار دراون.

بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە ئەو نیگەرانییەی لای دەسەڵاتدارانی لوبنان دروستکردووە، کە فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووت بکرێت بە ئامانجی سەربازی.

ئەم فڕۆکەخانەیە تەنها 4 مایل لە ناوەندی شاری بەیرووتەوە دوورە.

یەکێک لە کرێکارەکانی ئەم فڕۆکەخانەیە کە نەیویستووە ناوی ببرێت بە رۆژنامەی تێلەگرافی وتووە،" دۆخەکە زۆر جیدییە، سندووقی گەورەی گومانئاوی کە راستەوخۆ لە تارانەوە دێن، دەرخەری خراپتربوونی دۆخەکەن.

ئەم کرێکارە وتوویەتی ،" کە ئەوان گەیشتنە فڕۆکەخانەکە، من و هاوڕێکانم ترساین لەبەر ئەوەی ئەمانزانی رووداوێکی سەیر بەڕێوەیە".

ئەم کرێکارە نیگەران بوو لەوە هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەکە یان تەقینەوە لەوێ، زیانی گەورەی لێ بکەوێتەوە.

ساڵی 2020 تەقینەوەیەک لە بەندەری بەیرتووت روویدا و بەشێکی گەورە لە ناوەندی شاری بەیرووت زیانی پێگەیشت.

ئەم کرێکارە لای وایە ئەگەر وەها شتێک رووبدات، کە پەیوەستە بە کاتەوە روودانەکەی، پەیوەندی بەیرووت لەگەڵ دونیا ئەپچڕێت.

حزبوڵڵای لوبنان بەوە تۆمەتبار ئەکرێت کە فڕۆکەخانە مەدەنییەکان وەک شۆێنێک بۆ کۆگاکردنی چەکەکان بەکار ئەهێنێت، بەلآم بە پێی راپۆرتەکەی تێلەگراف، لە گەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە لە تشرینی یەکەمی 2023، شاردنەوەی چەک و چۆڵ لە فڕۆکەخانەی بەیرتووت زیاتر بووە.

ئەو کرێکارەی فڕۆکەخانەی بەیرتووت بە تێلەگرافی وتووە، لە مانگی تشرینی دووهەمدا " سندووقی گەورەو نائاسایی" بە شێوەی راستەوخۆ لە ئێرانەوە گەیشتە ئەم فڕۆکەخانەیە، ئەم رووداوە ئەو کاتە روویدا کە لە لوبنان باسی جەنگ گەرم بوو.

سەرچاوەیەکیتر بەم رۆژنامەیەی راگەیاندووە،" بۆ چەند ساڵ ئەچێت چاودێری جم و جووڵەکانی حزبوڵڵا ئەکەم لە فڕۆکەخانەی بەیرووت، بەڵام کاتێک ئەم کارە لەم کاتی جەنگەدا ئەنجام ئەدەن، بەو مانایە فڕۆکەخانەکە ئەکەن بە ئامانجێک بۆ سوپای ئیسرائیل".

لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل لە سنوورەکانی باشووری لوبنان بەردەوام هێرش ئەکەنە سەر بنکە و شوێنەکانی یەکتر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار