کچێکی کورد بە تەقەی بەئەنقەستی پۆلیس کوژرا
5 مانگ لەمەوپێش
هاواتی
بە پێی هەواڵێک کە چالاکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردۆتەوە، کچێکی 18 ساڵ تەمەن بە ناوی "رەزییە رەحمانی" کچی شەکەر ڕەزا، خەڵکی نورئاوا لە پارێزگای خوڕەمئاوای رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی بەئەنقەستی پۆلیسی ئەو شارە کوژراوە.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکای کورد، هێزەکانی بنکەی پۆلیسی " چشمە سفید" بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی رژاونەتە ماڵی "شەکەر رەزا رەحمانی" لە گوندی "گۆیژە"ی نوورئاوا لە پارێزگای خوڕەمئاوا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێک لە پۆلیسەکان فیشەکی ناوە بە سەر کچی ئەو ماڵەوەو کوشتوویەتی.
بە وتەی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەم بنەماڵەیە، هێزەکانی پۆلیس بە بیانووی دۆزینەوەی ماددە سڕکەرەکان، بە بێ مۆڵەتی یاسایی و نامەی دادوەر، رژاونەتە ئەو ماڵەو دوای ئەوەی لە گەڵ خاوەن ماڵەکە بووە بە دەمەقڕەیان، یەکێک لە پۆلیسەکان دەمانچەکەی دەرهێناوەو فیشەکی ناوە بە سەر کچی ماڵەکەوە.
جێگەی ئاماژەیە رێ و رەسمی ناشتنی ئەم کچە 18 ساڵەیە رۆژی شەممە22ی حوزەیران لە گۆڕستانی شەهیدانی لەک بەڕێوەچووە.
زۆرجار پۆلیس و هێزەسەربازییەکان بە بیانووی جیاواز تەقە لە خەڵک ئەکەن و ئەیانکوژن.
ماوەیەک لەوە پێش هێزە سەربازییەکان بە گومانی بوونی کاڵای قاچاخ تەقەیان لە ترۆمبیلێک کرد لە شاری مەریوان و کوڕێکی گەنج بە ناوی ئاژوان کیانی فیشەکی بەرکەوت و گیانی لە دەستدا.