سەرۆکایەتی کۆماری عێراق چەند یاسایەکی پەسەند کرد
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
د. لەتیف رەشید خشتەکانى یاساى بودجەى 2024 و هەموارى یەکەمى یاساى قەدەخەکردنى هاوڕەگەزخوازى و گۆڕینى رەگەز و چەند یاسایەکی دیکەی پەسەندکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق راگەیێدراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دکتۆر لەتیف رەشید خشتەکانى یاساى بودجەى 2024 و هەموارى یەکەمى یاساى قەدەخەکردنى هاوڕەگەزخوازى و گۆڕینى رەگەزى و درێژکردنەوەى تەمەنى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق و یاساى هەموارى یەکەمى رێکخستنى بەکرێدانى زەویى کشتوکاڵى، پەسەند کرد".
رۆژى 3ى حوزەیرانى 2024، لەدانیشتنى پەرلەمانى عێراقدا بەئامادەبوونى 199 پەرلەمانتار دەنگ لەسەر خشتەکانى بودجە درا.
جێگای ئاماژەیە، رۆژى شەممە 27ی نیسانى 2024، پەرلەمانى عێراق یاساى قەدەخەکردنى هاوڕەگەزخوازى و گۆڕینى رەگەزى پەسەندکرد و بەگوێرەى یاساکە، سزاى ئەو دوو جۆرە کارە بەندکردنە تاوەکو 15 ساڵ، ئەوەش پاش گۆڕانکاریى دێت لە دەقى یەکەمى یاساکە کە تێیدا سزاى ئەو کارانە لەسێدارەدان بوو.