ئەردۆغان و ئەسەد لە بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کۆدەبنەوە

5 مانگ لەمەوپێش



 

هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

میدیای قەتەری بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە ئەردۆغان و ئەسەد بە نێوەندگیری عێراق لە بەغدا کۆببنەوە. ئامانج لە کۆبوونەوەکە بڕیاردانە لەسەر کێشەکانی سنوور و پەناخوازانی سووریا لە تورکیا. کورد و بەڕێوبەرایەتی خۆسەریش بەشێک دەبێت لە گفتووگۆکان، ئەردۆغان ئامانجی وایە ئەسەد بە گوشارخستنە سەر رۆژاوا قایلبکات.

رۆژنامەی وەتەنی قەتەری بڵاویکردووەتەوە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بڕیارە لە بەغدا بۆ گفتووگۆکردن لەسەر کێشەی پەناخوازان و سنوور کۆببنەوە.

کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت لە ساڵی 2012ـەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پچڕاوە.

داواکاریی تورکیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سووریا کە گوایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە، لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر، رۆژئاوای کوردستانە کە ئێستا لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی بەڕێوەدەبرێت.

تورکیا هەڵبژاردنی دیموکراسی و بەهێزبوونی پێگەی کورد و رۆژئاوای کوردستان بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت. ئەردۆغان لە پەیامێکیدا بۆ ئەسەد دەڵێت، "رێگە بە پەکەکە مەدە دەوڵەت لەسەر خاکەکەت دابمەزرێنن".

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر کە لەلایەن هاوپەیمانان و ئەمریکاوە پاڵپشتییەکی بەهێز دەکرێت، رژدە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە رۆژئاوای کوردستان بکات.

بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام 6ی ئەم مانگە بڕیار درا بۆ لانیکەم دوای مانگی ئاب دوابخرێت. بە گوێرەی بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان، هەڵبژاردنەکە بە هۆکاری ناوخۆیی دواخراوە و پێویستیان بە ئامادەکاریی زیاترە.

هەڵبژاردنەکە لە 7 پارێزگای بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی باشتر رێکخستنەوەی سیستمی حکومڕانیی رۆژئاوایە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتیانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار