پێش هەڵبژاردنەکانی رۆژئاوای کوردستان پێشبینی دەکرێت ئەردۆغان و ئەسەد کۆببنەوە

3 ڕۆژ لەمەوپێش



پێش هەڵبژاردنەکانی رۆژئاوای کوردستان چاوەڕواندەکرێت رەجەب تەیب ئەردۆغان و بەشار ئەسەد لە بەغدا کۆببنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەمووزی 2024، هەریەکە لە رۆژنامەکانی (وەتەن)ی سووری و (جەریدە)ی کوێتی و شەرقولئەوسەت رایانگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت پێش هەڵبژاردنەکەی رۆژئاوای کوردستان، سەرۆکی تورکیا و سووریا بۆ دانووستادن لەسەر چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لە بەغدا کۆببنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی (وەتەن)ی سووری، کە بە یەکێک لە رۆژنامە نزیکەکانی ناوەندی بڕیار لە دیمەشق دادەنرێت و ئەوەی رایگەیاندووە، کە بەمنزیکانە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە بەغدا کۆدەبنەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاندووە، کە سەرباری هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ نزیککردنەوەی دیمەشق و ئەنقەرە، بەڵام هێشتا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاڵۆزن.

هەر لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە، رۆژنامەی (جەریدە)ی کوێتی بڵاویکردەوە، کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکە لەلایەن رووسیا، چین، ئێران و وڵاتانی عەرەبییەوە پشتیوانی دەکرێت.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئەوەیان خستۆتەڕوو، کە تورکیا دەیەوێت کۆبوونەوەکە دووقۆڵی و دوور لە چاوی میدیا بێت، بۆ ئەوەی لەسەر هەموو وردەکارییەکان لەگەڵ لایەنی سووریا گفتوگۆ بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە پێشتر چەند هەوڵێکی هاوشێوەی رووسی و ئێرانی هەبوون، بەڵام سەرجەمیان شکستیان هێنا، بۆیە ئەمجارە مۆسکۆ نایەوێت هەوڵەکەی بەغداش هەمان چارەنووسی ئەوانەی پێش خۆی هەبێت.

جێگای ئاماژەیە، خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات کە تورکیا بە توندی دژی ئەنجامدانی وەستاوەتەوە و ناوبەناویش هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەکات بۆ رێگرتن لە هەڵبژاردنەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار