دوای 6 ساڵ دابڕان سبەینێ‌ مەسعود بارزانی دەچێتە بەغدا

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

مەسعود بارزانی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی سیاسی کۆدەبێتەوە و لەسەر چەند بابەتێک کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2 تەممووزی 2024، رۆژنامەی الشرق الاوسط ، بڵاوکردەوە دوای دابڕانێك كە ماوەی 6 ساڵی خایاند، چاوەڕوان دەكرێت مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سبەینێ‌ سەردانی بەغدا بكات.

رۆژنامەکە دەشڵێت، بە پێی ئاماژەکان بێت سەردانەکە بۆ باشبوونی پەیوەندییەكانی ئێستای نێوان هەرێم و بەغدایە.

ئەمش لە کاتێکدایە، سەرچاوە كوردییەكان ئاشكرایان كردووە، بارزانی رۆژی چوارشەممە دەگاتە بەغدا، بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ زۆرینەی سەركردە سیاسیەكان، بۆ دانانی چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەكانی نێوان هەردوولا.

رۆژنامەی الشرق الاوسط، ئەوەشی خستۆتەڕوو، زەمینەی ناكۆییەكانی نێوان بەغداو هەولێر كۆمەڵێك پرس لەخۆ دەگرێت، لەنێویاندا شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران و یاسای نەوت و گازو دۆسیەی هەڵبژاردن و، هەڵوێست لەبارەی پارێزگای كەركوك، كە تائێستا سەركەوتوو نەبووە لە هەڵبژاردنی حكومەتە خۆجێییەكەی، سەرەڕای تێپەڕبوونی 6 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا.

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، چاوەڕوان دەكرێت دانوستانەكانی بارزانی لە بەغدا، دۆخی شەنگال و هاتنەناوەوەی سوپای توركیا بۆ پارێزگای دهۆك و شارە كوردیەكانی تر لە خۆبگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار