دیبەتی یەکەمی پاڵێوراوانی سەرۆککۆماری ئێران و لایەنەکانی

2 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتی

یەکەم دیبەیتی دوو پاڵێوراوی سەرۆککۆماری ئێران بۆ قۆناغی دووهەمی سەرۆککۆماری کە رۆژی هەینی 5ی تەمووز بەڕێوە ئەچێت ، لە ژێرناوی کەلتووری- سیاسی، ئێوارەی دووشەممە 2ی تەمووز بەڕێوەچوو.

مەسعوود پزشکیان و سەعید جەلیلی دوو پاڵێوراوی سەرۆککۆماری کە زۆرترین دەنگیان بە بەراورد لەگەڵ محەممەدباقر قالیباف و مستەفا پوور محەممەدی هێنابوو، گەیشتنە قۆناغی دووهەم بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی ئیبراهیم رەئیسی.

ئەم دوو پاڵێوراوە رۆژی دووشەممە 2ی تەمووز لە یەکەم دیبەتی تەلەفیزیۆنیدا بەشداریان کرد .

گرینگترین تایبەتمەندی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، بەشدای کەمی خەڵک بوو کە بە پێی ئامارە حکوومەتییەکان زیاتر لە 60% خەڵک بەشداریان نەکردووە لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەمە خاڵێک بوو هەردوو پاڵێوراو دانیان پێدانا و باسیان لە بەشداری کەمی خەڵک کرد لە هەڵبژاردنەکاندا.

بە پێی ئامارە حکوومەتییەکان 40% خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بوو، پارێزگای سنە کەمترین ئاماری بەشداری کردنی هەبووە لە هەڵبژاردنەکاندا کە نزیک23% ی خەڵکی پارێزگای سنە بەشداری هەڵبژادنبوون.

هەروەها ناو شاری تارانیش 23% خەڵک بەشداریان کردووە.

بە پێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان لەوە کەمتر بوەو بە زۆر هۆکار گومان خراوەتە سەر ئەو رێژەیەی حکوومەت رایگەیاندووە.

نزمترین ئاستی بەشداریکردن سەعید جەلیلی پاڵێوراوی باڵی بناژۆخوازە توندڕەوەکان لەم دیبەیتەدا کە تایبەت بوو بە پرسی " سیاسی- کەلتووری"ییەکان، لەگەڵ ئەوەی دانی بەوەدا نا کە خەڵک زۆر کەم بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردووە ، لە وەڵامی پرسیاسی یەکەمی پێشکەشکارەکەدا باسی لەوە کرد ئەوەی کە پاڵێوراوەکان بەرنامەیەکی روونی ئابووری- کۆمەڵایەتییان نەبووە هۆکار بووە بەوەی خەڵک دڵسارد بن و بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن.

جەلیلی هەروەها باسی لە نەبوونی خزمەتگوزاری لە شوێنە دوورەکان و گوندەکان کرد و وتی :" ناکرێت لە سەردەمی هەڵبژاردندا سندووقی دەنگدان بە کۆپتەر ببرێتە دوورترین گوندەکان، بەڵام لە کاتەکانیتردا لە بیربکرێن، ئەمە هۆکارە بەوەی ئەو خەڵکە متمانەیان نییە و بەشداری هەڵبژاردن ناکەن".

پزشکیان کە لە لایەن ریفۆرمخوازکانەوەو بە تایبەت محەممەد خاتەمییەوە پشتیوانی ئەکرێت بەر لەوەی وەڵامی پرسیاری یەکەم بداتەوە، ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست زانی کە باس لەوە کراوە نرخی بەنزین زیاد ئەکات یان ئەوەی لە لایە مناڵەکانییەوە سووکایەتی بە مەولەوی عەبدولحەمید ، پێشنوێژی سوننەکانی زاهیدان کرابێت.

دواتر بە ئاماژە بە بەشداری کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان وتی :"کاتێک مافی خەڵک لە بەرچاو ناگیردرێت، کاتێک دەنگی خەڵک نابیسترێت... خەڵک ئامادە نین بەشداری هەڵبژاردن بن".

خەڵک ناڕازین پزشکیان لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد، " خەڵک لێمان ناڕازین، رۆژ لەگەڵ رۆژدا خەڵک بە هۆی گرانییەوە، بە هۆی هەڵسووکەوتمان لەگەڵ کچان، بە هۆی فیلتەر کردنی ئەنتەرنێتەوە، خەڵک لێمان دوور ئەکەونەوەو پشتیوانی خەڵکمان لە دەستداوە".

پزشکیان هەروەها ئاماژەی بە هەڵاواردن لە کۆمەڵگای ئێراندا و وتی :" نابێ ئەو کەسانەی کە سەر بە هیچ لایەن و گرووپێک نین، لە کۆمەڵگا دوور بخرێنەوەو جێگەیان نەبێت، نابێ کورد و سوننە و عەرەبەکان لە پۆستەکان دوور بخرێنەوە لەبەر ئەوەی کوردن، سوننەن، یان عەرەبن".

لە بەرامبەردا جەلێلی ئەم قسانەی پزشکیانی بە وەعدو بەڵێنی سەردەمی هەڵبژاردن ناوبرد و وتی نابێ مامەڵە بەم شتانەوە بکرێت.

جەلیلی هەروەها باسی لەوە کرد پزشکیان و کەسەکانی دەورووبەری جەلیلی بە توندڕەو و " تاڵبان" ناو ئەبەن، ئەمەش کێشەکان قووڵتر ئەکاتەوەو یارمەتیدەر نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک.

پزشکیان بەڵام لە وەڵامی پرسیاری دووهەمی پێشکەشکارەکە دەربارەی ململانێکانی سەردەمی هەڵبژاردن، بێ ئەوەی راستەوخۆ پرسیاری جەلیلی بداتەوە ئاماژەی بەوەدا لایەنگرانی جەلیلی لە شاری تەورێز هێرشیان کردۆتە سەر یەکێک لە لایەنگرانی بە باتۆمی کارەبایی.

لە بەرامبەردا جەلیلی لەگەڵ ئەوەی دژی ئەو رەفتارەی لایەنگرەکانی بوو وتی :" رەنگە لەم کاتانەدا کەسانێک بێن بۆ شێواندنی دۆخەکە، وەها کارێک بکەن".

شۆڕشی ژینا مەسعوود پزشکیان لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا بە بێ ئاماژە بە هۆکارەکان و ئاخێزگەکانی بزووتنەوەی " ژن، ژیان، ئازادی" ئاماژەی بە ناڕەزایەتییەکانی 2022 دا لە ئیران و رەخنەی لەوە گرت کە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان، خوێندکاران و قوتابیان لە سەردەمی سەرۆککۆماری ئیبراهیم رەئیسی و لەو کاتەدا لە سەر کار دەرکراون یان ئەوەی دوورخراونەتەوە لە خوێندن و هەروەها وتی :" خەڵک ئەگەر لەگەڵ ئێمە بوون مافی ئەوەیان هەیە بێنە سەرشەقام، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ئێەم نەبوون و ناڕازی بوون لە هەڵسووکەوتمان، لەگەڵ ئەوەی هاتنە سەر شەقام دەیانگرینو دەیانخەینە زیندانەوە".

لە بەرامبەردا سەعید جەلیلی بە ئاماژە بە ناڕەزایەتییەکان باسی لەوە کرد بۆ بیستنی قسەی خوێندکار و مامۆستاکان لەو کاتەدا سەردانی زانکۆکانی کردووە.

بەڵام ئەویش بەهەمانشێوەی پزشکیان ئاماژەی بە هۆکارەکانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی 2022 نەدا کە بە شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی" ناسراوبوو.

جەلیلی بە ئاماژە بەو رێکارانەی گیراوەتە بەر بۆ سەرکوت و وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەکان، خۆی بوارد لەوەی وردەکاری ئەو رێکارانە و شێوەی هەڵسووکەوت لەگەڵ خۆپیشاندەران باس بکات.

فیلتەرکردنی ئەنتەرنێت یەکێک لەو پرسانەی کە لە رۆژی یەکەمی دیبەیتی نێوان دوو پاڵێوراوی سەرۆککۆماری ئێراندا باسی کرا، فیلتەرکردنی ئەنتەرنێت بوو.

بابەتێک کە لە ئێران زۆر گرینگی پێ ئەدرێت.

سەعید جەلیلی لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی کرد لەوەی کە ئەنتەرنێت فیلتەر بکرێت باسی لەوە کرد پێویستە ستاندارێک دابنرێت و جۆری فیلتەرکردن رێک بخرێت.

مەسعوود پزشکیانیش بە هەمانشێوە باسی لەوە کد لە هەموو دونیا سنووردار کردن هەیە، پزشکیان هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی کە مامەڵە بە فیلتەرشکێنەکانەوە ئەکەن و رەخنەی لەوانە گرت کە فیلتەرشکێن ئەفرۆشن، هەروەها باسی لەوە کرد بەشێک لە کار و پیشەکان بە هۆی فیلتەرکردنی ئەنتەرنێتەوە کێشەیان بۆ دروست بووە.

جەلیلی لەبەشێکیتر لە قسەکانیدا بە ئاماژە بەوەی ئاگاداری وردەکارییەکانی وڵات و پرسە گرینگەکانی وڵاتە وتی :" ئەگەر ئەتهەوێت لە وەها جێگە و پێگەیەکدا بیر ئەبێ ئاگاداری پرسە گرینگەکانی کۆمەڵگا بیت، ناکرێت لەسەر بنەمای دوو گە‌عدە و سێ دانیشتنی سیاسی، قسە بکەیت و باس لە پرسەکانی وڵات بکەیت".

جەلیلی باسی لەوە کرد، سەرۆککۆمار، بەرپرسی جێبەجێکردنی کار و بارەکانی وڵاتە، ئەو کاتە سەرکەوتوو ئەبێت کە ئاگاداری بابەتەکان بێت و زانیاری تەواوی لەسەریان هەبێت.

رێککەوتی ئەتۆمی، FATFو وڵاتانی زلهێز یەکێکیتر لە پرسە گرینگەکان کە لە دیبەیتی رۆژی یەکەمدا باسی لێوەکرا، پرسی ریککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) و پەیماننامەی FATF و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز بوو.

جەلیلی لە بارەوە ئاماژەی بە تواناکانی خۆی دا لە بواری سیاسەتی دەرەکیدا و هەروەها بەرگری کرد لە هەڵوێستەکانی خۆی دەربارەی پرسی رێککەوتنی ئەتۆمی.

جەلیلی کە بەردەوام رەخنەی هاتۆتە سەر بەوەی کە بە هۆی هەڵوێستەکانییەوەو هەروەها ئەوەی کە ئاگاداری پرسی رێککەوتنی ئەتۆمی نەبووە، بە یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی رێککەوتننامەکان ناوی براوە، بەرگری لە هەڵوێستەکانی خۆی کرد و رایگەیاند نابێ ئێمە وەک "قەرزدار" چاومان لێ بکرێت، ئێمە " خاوەن قەرز"ین و ئەبێ دەنگمان دلێرتر بێت.

جەلیلی وتی :" ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم 15 جار راگەیاندووە کە ئێمە ئەرکەکانی خۆمان جێبەجێکردووەو لایەنی بەرامبەر کەمتەرخەم بووە و جێبەجێی نەکردووە.

ئێمە دەبێ بەرامبەر بە "قەرزدار" بزانین، ئەگەر لاتان وایە رێککەوتننامەی ئەتۆمی (بەرجام) ئەبێ بەردەوام بێت دەبێ لایەنی بەرامبەر، واتە وڵاتانی زلهێز، ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن".

پزشکیان لە بەرامبەردا هێرشی کردە سەر جەلیلی وتی ، کێشەکە بە هۆی کەسانێکەوەیە کە زانیاریان لەو بارەوە نییە، بەڵام بەردەوام باس لە خەڵک ئەکەن.

پزشکیان هەروەها وتی، ئێمە ناتوانین درگای قەفەسەکە دابخەین و پەیوەندیمان لەگەڵ دونیا نەبێت.

پزشکیان لەگەڵ ئەوەی باسی لەوە کرد ئەگەر هاتوو گەمارۆکان بەردەوام بوون، پێویستە خۆڕاگر بین لە باری ئابوورییەوە، بەڵام باسی لەوەش کرد ئەگەر کێشەی رێککەوتنی ئەتۆمی و پەیوەست بوون بە AFTA چارەسەربێت، رەنگە بکرێت بەر بە زیانێکی گەورەی رۆژانەی 1 تریلیۆن تمەنی بگیردرێت.

پزشکیان باسی لەوە کرد بە هۆی دوورکەوتنەوە لەو رێککەوتننامانە، هەموو رۆژێک 1 تریلیۆن تمەن زیانمان پێ ئەگات.

ڕێکخراوی AFTA رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە بۆ خەبات دژی سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانی ماڵی لە تیرۆریسم.

ئەم رێکخراوەیە ئێرانی خستۆتە لیستی رەشی خۆیەوەو داوا لە هەموو وڵاتان ئەکات دڵنیابن لەوەی ئێران پارە سپی ناکاتەوە یان ئەوەی بەرێگای سیستەمی بانکی ئێرانەوە پشتیوانی لە تیرۆریسم نەکرێت.

جەلیلی کە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا لە لایەن مستەفا پوور محەممەدییەوە بەوە تۆمەتبار کرابوو کە هۆکاری ئەوە بووە کە ئێران پەیوەست نەبێت بە AFTA ەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەوەی رەت کردەوە کە پەیوەست نەبوون بەم رێکخراوەوە کاریگەری بووبێت لە سەر ئابووری ئێران باسی لەوە کرد لە سەردەمی سەرۆککۆماری حەسەن رووحانی، 41 ماددەی AFTA رەزامەندی لەسەر درابوو.

بڕیار وایە دیبەتی دووهەمی نێوان ئەم دوو پاڵێوراوەی سەرۆککۆماری ئەمشەو، سێ شەممە کاتژمێر 9:30 بەڕێوەبچێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار