ئابووری ئێران و سیاسەتی دەرەوەی لە دیبەتی پاڵێوراوانی سەرۆککۆماریدا

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دیبەیتی دووهەمی نێوان پاڵێوراوانی سەرۆککۆماری ئێران، سەعید جەلیلی و مەسعوود پزشکیان، شەوی سێ شەممە 2ی تەمووز ، کاتژمێر 9:30 بە کاتی ئێران بەڕێوەچوو و لە تەلەفیزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاوکرایەوە.

دیبەیتی نێوان دوو پاڵێوراوی سەرۆککۆماری کە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین دەنگیان هێنابوو، بڕیار بوو باسکردن بێت دەربارەی ئابووری و ئابووری ئێران، بەڵام زۆر زوو باسەکە گۆڕا بۆ پرسە سیاسییەکان و بە تایبەت جیاوازی بۆچوونی دوو لایەن دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری ئێران.

جیاوازی بۆچوونی ئەم دوو پاڵێوراوەی سەرۆککۆماری کە وا دەرئەکەوێت سەر بە دوو رەوتی جیاواز بن، لە دیبەیتی یەکەمیشدا کە شەوی دووشەممە 1ی تەمووز بەڕێوە چوو دەرکەوتبوو، بەڵام لە دیبەیتی دووهەمدا جیاوازییەکان زیاتر دەرکەوتن و دوو پاڵێوراو هێرشی توندیان کردە سەر یەکتر.

مەسعوود پزشکیان کە لە لایەن ریفۆرمخوازەکانەوە پشتیوانی ەکرێت، لە بەشی یەکەمی قسەکانیدا جارێکیتر رەخنەی لە هەنگاوەکانی پەرلەمانی ئێران دەربارەی دۆسییەی ناوەکی ئێران گرت و وتی ئەبێ بە هاوکاری پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای ئاسایش چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە.

بەڵام پزشکیان باسی لەوە نەکرد کە مەبەستی لە چارەسەر چییە و رێکارەکانی چین.

پزشکیان جارێکیتر رەخنەی لە روانگەی سیاسی سەعید جەلیلی، گرت و لای وابوو ئەو جۆرە سیاسەتەئەبێ بە هۆی ئەوەی گەمارۆکان لە سەر ئێران بەردەوام بن و وتی، ئێمە ناتوانین لە ناو قەفەسدا گەشە بکەین.

لە دیبەیتی رۆژی پێشتردا پزشکیان بە هەمانشێوە باسی لە قەفەس کردبوو ولای وابوو مانەوە لە ناو قەفەس لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە.

پزشکیان کە لە لایەن ریفۆرمخوازەکانەوە پشتیوانی ئەکرێت و رەخنەی لە سیاسەتی ئێران لە سەردەمی رەئیسی دا هەیە، لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکە کە پرسیاری کرد ئایا ئەو ئەتوانێت سەرجەم گەمارۆکان لە سەر ئێران لا ببات وتی :" هیچکات بڕیار نییە سەرجەم گەمارۆکان هەڵوەشێنینەوە یان هەڵی نەوەشێنینەوە.

گفتوگۆ و دان و ستانە و پەیوەندی بەوەوە هەیە لەو دان و ستانەدا چیمان دەست ئەکەوێت و ئەوان چی وەرئەگرن". سەعید جەلیلی کە سەر بە بناژۆخوازە توندڕەوەکانە، هێرشی کردە سەر پزشکیان کە ئەڵێت " ئێمە لە ناو قەفەسداین"، بە هەمانشێوەی دیبەیتی یەکەم پزشکیان و راوێژکارەکانی بەوە تاوانبارکرد کە دەیانهەوێت لە پێناو نەمانی گەمارۆکان، باجی زیاتر بدەنە وڵاتانی رۆژئاوایی.

لەم بەشە لە دیبەیتەکەدا دوو پاڵێوراو هێرشیان کردە سەر کەیتر و قسەکانی یەکتریان ئەبڕی، بە شێوەیەک کە پێشکەشکارەکە چەندجار هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دیبەیتەکەی دا.

جەلیلی روویکردە پزشکیان و وتی :" ئێوە لە پەیوەند لەگەڵ پرسی گەمارۆکاندا تەنها رێگایەک ئەزانن، باسی ئەکەن، ئەڕۆن و دەست بەتاڵ ئەگەڕێنەوە، جارێکیتر گەمارۆ ئەخرێتە سەرتان و هەمدیسان ئەو رێگایە ئەگرنەوە بەر. پزشکیان لە وەڵامی جەلیلیدا وتی :" یانی بە گەمارۆکان ئێوە ئەفڕن؟ جەلیلی کە سەر بە باڵی بناژۆخوازی توندڕەوە، بە ئاماژە بە سەردەمی سەرۆککۆماری ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، محەممەد خاتەمی و حەسەن رووحانی، باسی لەوە کرد وڵات بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ بە دەست هاوبیرەکانی پزشکیانەوە بووە، هێشتا ئەو قەرزدارمان ئەکات.

بەڵام جەلیلی ئاماژەی بە سەردەمی سەرۆککۆماری مەحموود ئەحمەدینژاد نەکرد کە خۆی لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا بەرپرسی دۆسییەی ناوەکی ئێران بوو.

جەلیل هەروەها لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە لە سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی، دەرفەتی سەرمایەگوزاری زۆر بۆ سەرمایە گوزارە بیانییەکان خولقاوە لە ئێران و هەروەها هەناردەکردن زیاتر بووە.

دۆخی ئابووری ئێران باشتر بووە.

پزشکیان لەگەڵ ئەوەی رەخنەی لە شێوەی قسەکردنی جەلیلی گرت پێی گوت، ئەگەر دۆخی ئابووری ئێران باشتر بووە، ئەی بۆ خەڵک هەستی پێناکەن؟ ئەم پاڵێوراوی سەرۆککۆمارییەی ئێران هەروەها روویکردە خەڵک وتی، دۆخی ئێوە لە سەردەمی محەممەد خاتەمی باشتر بوویان ئێستا.

دواتر بە سەعید جەلیلی وت، ئەگەر تۆ بەرنامەت هەیە بۆچی بەرنامەکەت پێشکەش بە دەوڵەتی ئیبراهیم رەئیسی نەکرد؟ لە بەشێکیتر لە دیبەیتەکەدا، سەعید جەلیلی، بەرامبەرەکەی بەوە تاوانبار کرد کە لە وەڵام بە پرسیارەکان و پێشکەشکردنی رێگەچارەکان خۆی ئەدزێتەوەو وتی :" تەنها رێگاچارەکەی ئەوەیە کە ئێمە ئەڕۆین، جارێکیتر باج ئەدەین بە وڵاتانی رۆژئاوا و گوشار ئەخەینە سەر ناوخۆ کە پاشەکشە بکەن".

هەروەها باسی لەوە کرد لە سەردەمێکدا ئەو سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بوو هیچ بڕیارنامەیەک دژی ئێران دەرنەکراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە لەو سەردەمەدا چەند بڕیارنامەیەک لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دژی بەرنامەی ناوەکی ئێران پەسەند کرا.

جەلیلی بەهەمانشێوەی شەوی پێشتر باسی لەوە کرد بەرنامەکەی ئەوەیە ئەمریکا پەشیمان بکاتەوە لەوەی گەمارۆی خستۆتە سەر ئێران، لە هەمانکاتدا هێرشی کردە سەر جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردەمی "حەسەن رووحانی" و وتی زەریف زۆر خراپ مامەڵەی کردووە.

لە بەرامبەردا پزشکیان باسی لەوە کرد بۆ ئەوەی وڵات پێش بکەوێت دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ دونیا ببێت و گەمارۆکان لا ببرێن. هەروەها بە ئاماژە بە بەرنامەی ئابووری سەعید جەلیلی کە باسی لەوە کردووە ئابووری ئێران لە سەردەمی ئەودا 8% گەشە ئەسێنێت، وتی :" لایان وایە بە بێ پەیوەندی لەگەڵ دونیا ئەتوانن بە گەشەی ئابووری 8% بگەن؟"

پزشکیان لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا جارێکیتر باسی لە ئاستی کەمی بەشداری خەڵک کرد لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا و وتی :" بە هەموو باس و مناقشەکانمانەوە تەنها 40% خەڵک دەنگیان دا، 60% ئامادە نەبونو بچنە سەر سندووقی دەنگدان و هیچ لایەنێکمانیان ناوێ.

ئەگەر ئەم بیرکردنەوەیە بە دەسەڵات بگات بەشداری خەڵک ئەبێت بە 20% و ئەمەش کارەساتە. لە درێژەدا 2 پاڵێوراو چەند جار هێرشیان کردە سەر یەکتر و پزشکیان رەخنەی لەوە گرت کە هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئینگلتەرا و سعوودییە و وتی، خەڵک ئەزانن کێ هێرشی کردە سەر ئەم دوو باڵێۆزخانەیە.

رۆژی هەینی 5ی تەمووز گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوە ئەچێت.

لە گەڕی یەکەمدا هیچکام لەپاڵێوراوەکان نەیانتوانی 50% دەنگەکان بەدەست بهێنن.

بە پێی ئامارە حکوومەتییەکان 40%خەڵک بەشداریان کرد، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە ئەکەن بەشداری خەڵک زۆر لەوە کەمتر بووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار