رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران نیگەرانی پەرەسەندنی لەسێدارەدانە لە ئیران دوای هەڵبژاردنەکان

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندنێکی نوێ دەربارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند، لە 6 مانگی یەکەمی 2024 دا، 249 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون و لە هەمانکاتدا نیگەرانی خۆی دەربڕی کە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری، شەپۆلی لە سێدارەدان پەرە ئەستێنێت.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بە ئاماژە بە ئەزموونەکانی خولەکانی پێشتری هەڵبژاردن لە سەر ئەو باوەڕەیە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن، بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن، ژمارەی لە سێدارەدانەکان کەم ئەکاتەوە، دوای هەڵبژاردنەکان، ژمارەی لە سێدارەدانەکان بە خێرایی ئەچێتە سەرەوەو دەست ئەکاتەوە بە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە زیندانەکان.

ئەمیری موقەدەم کۆمەڵگای جیهانی ئاگادار ئەکاتەوە بەوەی کە ئەگەری هەیە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری،لە سێدارەدانەکان لە ئێران پەرە بستێنێت و پێویستە کۆمەڵگای جیهانی خۆی ئامادە بکات بەوەی دژی سێدارە لە ئێران هەڵوێستی ببێت.

بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە 6 مانگی یەکەمی 2024 دا، لانیکەم 249 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە لەو ژمارەیە 10 کەسیان ژن بوون.

بە پێی ئەم راپۆرتەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ماوەی ئەم 6 مانگەدا، 14 کەس بە هۆکاری سیاسی و جیاوازی بیروباوەڕ لە سێدارە دراون ، 5 کەسیان تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دراوەتە پاڵیان.

هەروەها بە پێی ئامارەکان لەو ژمارەیە 35 کەسیان بەلووچ بوون.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دوایین ئاماریدا دەربارەی ژمارەی لە سێدارەدانەکان لە دونیا ئاماژەی بەوە داوە کە لە سێدارەدان لە ئێران بە شێوەی بەرچاو پەرەی سەندووەو 75 لە سەدی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئێران لە سێدارە دراون، لە ئێرانلە سێدارەدرەدراون. 

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەڵێت، دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو کات پەنا بۆ لە سێدارەدان ئەبات بۆ ترساندنی خەڵک و کۆنتڕۆلکردنی کۆمەڵگا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار