وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق: له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا 356 ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندی پۆلیس له‌ خزمه‌تكردن دورخراونەتەوە

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی تەمووزی 2024، عه‌مید میقداد میری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆ رایگەیاند، له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا 356 ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندی پۆلیس له‌ خزمه‌تكردن دورخراونەتەوە‌، ئامانجی سه‌ره‌كیش له‌ دورخستنه‌وه‌یان ره‌چاوكردنی ده‌ستپاكی و پاراستنی داهاتی گشتی و رێگریكردنه‌ له‌ قۆستنه‌وه‌ی كار و زیانگه‌یاندن به‌ ناوبانگی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان.

دەشڵێت، چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و رێگریكردن له‌ ئیستغلالكردنی كار و زیانگه‌یاندن به‌ ناوبانگی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان، دادگای هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، دوای ته‌واوكردنی لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌ڵگه‌كان، بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی 36 ئه‌فسه‌ر و 320 كارمه‌ندی پۆلیسی له‌ له‌ كاره‌كه‌یان ده‌ركردووه‌.

مید میقداد میری ئەوەشی خستۆتەڕوو، عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری وه‌زیری ناوخۆ كاره‌كانی له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێك چڕكردوه‌ته‌وه‌، گرنگترینیان ده‌ستپاكی و پاراستنی سامانی گشتییه‌.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێشتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندبوو، ده‌زگای هه‌واڵگری له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگدا زیاتر له‌ 34 هه‌زار كه‌سی ده‌ستگیركردوه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تاوانی رێكخراویش زیاتر له‌ 29 هه‌زار كه‌سی ده‌ستگیركردوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش 500 بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ری ده‌ستگیركراون، هاوكات توانیویانه‌ ده‌ست به‌سه‌ر 296 ئۆتۆمبێلی قاچاخچێتی نه‌وتدا بگرن، حه‌وت هه‌زار و 705 تۆمه‌تباریش به‌ تۆمه‌تی به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار