نوسینگەی سودانی: پەیوەندیمان بەو پەیجانەوە نییە كە زیادەڕۆیی دەكەن لە ستایشكردنی حكومەت و سەرۆك وەزیران
4 مانگ لەمەوپێش
مەهران رەمەزان
هاوڵاتی، سلێمانی
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، رەتیدەكاتەوە پەیوەندی بەو پەیجانەوە هەبێت كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان "زیادەڕۆیی دەكەن لە ستایشكردنی حكومەت و سەرۆك وەزیران".
ئەمڕۆ پێنج شەممە، 18ی تەمووزی 2024، نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەتەوەو راگەیاند، رەتیدەكاتەوە پەیوەندی بەو پەیجانەوە هەبێت كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان "زیادەڕۆیی دەكەن لە ستایشكردنی حكومەت و كەسی سەرۆك وەزیران.
دەشڵێت، ئەم شێوازە لە ستایشكردن ئامانج لێی لێدان لە متمانەی هاوڵاتیان و چەواشەكردنی جەماوەرەو ئەوانەی لە پشت ئەو پەیجانەوە، لەو لایەن و بازنانەن كە بەهۆی هەنگاوەكانی روبەڕووبونەوەی گەندەڵییەوە زیانیان بەركەوتووە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، حكومەت هێشتا كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی دەكات و بەردەوامە لە تەواوكردنی پرۆژەكامە لە بواری گەشەپێدان و چاكسازیدا، لە هیچ قۆناغێكدا شێوازی ستایشكردن بەشێك نەبووە لە سیاسەتەكانی، ئەم شێوازە زیان بە خۆی و تیمەكەی دەگەیەنێت، بەتایبەتیش ئەو كارانەی كە حكومەت ئەنجامی دەدات ئەركی خۆیەتی.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم راگەیەندراوە دوای ئەوە دێت بەمدواییە لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە سودانی تۆمەتبار دەكرێت بەوەی هاوشێوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق پارەیەكی زۆری حكومەت بە خەرج دەدات بۆ كڕین و بەڕێوەبردنی پەیجەكان لەناو تۆڕی كۆمەڵایەتی، بەمەبەستی جوانكردنی وێنەی خۆی و كارەكانی حكومەتەكەی.