ئێران.. سانسۆرکردنی ڕاستییەکان، درێژکراوەی (فەتوای خومەینی)یە!

4 مانگ لەمەوپێش



نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی: عەبدولڕەحمان گەورکی

تێڕوانینێک بۆ کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ڕەوەندی ئێرانی لە ئەوروپا و سانسۆرکردنی!

کۆبوونەوەی ئەمساڵی موقاومەتی ئێران، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانی دەیان هەزار ئێرانی لە بەرلین بەڕێوەچوو. سەدان کەسایەتی دیاری جیهان لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارییان کرد و زیاتر لە ٤٠٠٠ پەرلەمانتار لە ٨١ وڵاتەوە پشتیوانی خۆیان بۆ پلاتفۆرمی مریەم رەجەوی ڕاگەیاند کە پێشتر لە (10) خاڵدا ڕاگەیاندرابوو. ئەوان خوازیاری ناساندنی سوپای پاسداران، وەک (تیرۆریست) و داننان بە موقاومەتی ڕەوای گەلی ئێراندا بوون.

گەلی ئێران خوازیاری ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەتن!

ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری ئایینی بەردەوامە. وەک چۆن دیکتاتۆری شایان ڕووخاند، گەلی ئێران مافی خۆیەتی رێگە نەدات ڕژێمێکی دیکتاتۆری لە وڵاتەکەیاندا بوونی هەبێت. خەڵکی ئێران نرخێکی زۆر قورسیان داوە بۆ ئەمکارە. ڕەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی نەیانهێشتووە ڕژێمێکی نەتەوەیی و جەماوەری و سەربەخۆ و دیموکراتیک لەم خاکەدا دابمەزرێت. ئەوان بە شێوازی جیاواز لە دژی ئەم داواکارییە ڕەوایەی خەڵکی ئێران ڕیزیان بەستووە! ئەمە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەردەوامە ئەمڕۆکەیشی لەگەڵدابیت.

جێگە و رۆڵی سانسۆر

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیەوە پێویستە بگوترێ "سانسۆرکردنی ڕاستییەکان لە کۆمەڵگادا" بەشێکە لە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەو کۆمەڵگایە و پەراوێزخستنی داواکاری سەرەکیی خەڵک، واتا ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت کە دەکرێت نوێترینیان لەوەدا ببینرێت کە لەبەر چی "بێدەنگ"ی بەرچاویان هەبووە لە پێوەندی لەگەڵ کۆبوونەوەی گەورەی موقاومەتی ئێران و خۆپیشاندانی گەورەی ئێرانییەکان لە ئەوروپا. تا ئێستا ڕەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی هەمیشە گرەویان لەسەر "ئەسپی دۆڕاو" کردووە. بەڵام بێ ئاگان لەوەی سەردەم گۆڕاوە و سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردووە! هەربۆیە پێویستە "سازشکارانی ڕۆژئاوایی لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی" بە دۆڕاوی یەکەمی ئەم "گۆڕانکارییەی سەردەم" هەژمار بکرێن. ئەوان وەک هەمیشە لە دیوی "خراپ" و "دۆڕاو"ی مێژوودا وەستاون. هەربۆیە بێ ئایندە و دوابڕاون!

 

دیاردەی خومەینی!

دوای ڕووخانی دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە لە ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٩) و دوابەدوای سەرهەڵدانی دیاردەی کۆنەپەرستانەی خومەینی، بزووتنەوەی دژە کۆنەپەرستی و دژە کۆلۆنیالیستیی خەڵکی ئێران کەوتە نێو قۆناغێکی نوێوە، کە لە ناوەندیشیدا، هێزێک هەبووە لە دژی دیکتاتۆرییەتی پاشایەتیدا دەستەویەخە بووە و ئێستا ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە کە هێز و پێگەی خۆی لە بواری کردەی کۆمەڵایەتیدا نیشان بدات. ئەم هێزە توانیبووی "شوێن" و "پێگەی" خۆی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیدا نیشان بدات و هێزە سیاسییە ڕەسەنەکانی کۆمەڵگا رێک بخات و کۆیان بکاتەوە. رادەی پێشکەوتن و پێشڕەویکردنی ئەم هێزە بەجۆرێک بوو کە "خومەینی" بڕیاریدا بە خێرایی دەست بە کار بکات و بیر لە کۆمەڵکوژکردنیان و بنبڕکردنی نەوەیەکی لەو شێوەیە بکاتەوە. دوای ماوەیەکی کەم، خومەینی "فتوای جیهاد"ی لە دژی ئەوان دەرکرد و رایگەیاند کە ئەوان (واتا موجاهیدین) لە کافرەکان خراپترن. ئەم حوکمە لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ (١٩٨٨) لە لایەن "دەستەی مەرگ"ەوە جێبەجێ کرا و زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانیی موجاهید و خەباتکار کۆمەڵکوژ کران.

ئەڵقەکانی داهاتووی کۆمەڵکوژی!

خومەینی و هاوبیرانی بەو کۆمەڵکوژییە بەرفراوان و مێژووییە نەوەستان و تەنانەت دەزگاکانی خۆیان ئەرکدار کرد بە سانسۆرکردنی ڕاستییەکان بۆ ئەوەی "نکۆڵی" بکەن لە بوونی هێزێکی لەو شێوەیە لە مێژووی ئێراندا! ئەم کارە تەنیا تایبەت نەکرا بە کاری ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندەی دەسەڵاتی ئایینی. دەسەڵاتدارانی ئەم ڕژێمەیش لە گۆڕەپانەکەدا ڕایانگەیاند و کاریان بۆ کرد. بەرپرسان و دەزگاکانی ئەم دەسەڵاتە زۆر جار گوتویانە و نووسیویانە کە زیاتر لە 90%ی ئەم هێزەیان لەناوبردووە. سەرۆکی بەناو کۆماری ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە لە ساڵی 1986 و لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا و بە ئاماژەدان بەم هێزە، کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی بوکەڵەیی بەغداوە گەمارۆدرابوو لە (ئەشڕەف)، لە وەڵامی پەیامنێراندا وتی: مەگەر ئەو هێزە هێشتا بوونیان هەیە؟ لە ساڵانی دواتریشدا هێرشی سەربازی و مووشەکی و تیرۆریستی و پیلانگێڕی رەنگاوڕەنگ، بە ڕووکەشی جیاواز و بە دڵی "سازشکاران!" لە دژی ئەم هێزە لە عێراق و هەموو جیهان بەردەوام بوو و ئێستایشی لەگەڵدا بێت، پیلانگێڕی و تیرۆری ئەم دەسەڵاتە لەسەر ئەم هێزە (چڕ) بووە، بۆ ئەوەی شوێنەواری ئەم "هێزە ناوازەیە" بەجێ نەهێڵێت!

 

سانسۆرکردن لە درێژەی فەتوای خومەینیدا

"سانسۆرکردن"ی ڕاستییەکانی ئێران، درێژکراوەی فەتوای خومەینییە و خاڵی سەرەکییە لە "سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی"دا. لایەنگرانی دیکتاتۆری و سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە، خۆیان دوور ڕاگرت لە ڕووماڵکردنی چالاکییەکانی موقاومەتی ئێران و لەوانە، کۆبوونەوەی شکۆمەندی ئەمساڵی ئەم هێزە لە ئەوروپا کە گردبوونەوەیەکی جیهانی بوو! ئایا ئەمکاره جگه له هاوکاریکردنی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی و درێژکراوەی فەتوای خومەینی بۆ ژینوسایدکردنی ئەم هێزە، لە پێناو هیچی دیکەدا بووە؟

دوا وشە!

ڕەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی لە پێوەند لەگەڵ ئێران و لە پەیوەندییەکی شوومدا، گەیشتوونەتە کۆتایی خەت! ئەوان دژ بە خەڵکی ئێران ڕیزیان بەستووە بۆ ئەوەی نەهێڵن دۆسیەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران لەسەر دەستی خەڵک و موقاومەتی ئێران دابخرێت. میدیای ڕەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی، کە "بە مەبەست" تینووی ئەو هەواڵانەن بە دڵی "خۆیان" بێت، دەیانەوێت بەو شێوەیە مامەڵە بکەن کە پێیان وتراوە! بەڵام ئەم میدیاگەلە "بەسەر هێڵی ڕەشدا" هەنگاو دەنێن و زۆر زیان دەکەن! چونکە خەڵکی ئێران بە هیچ شتێکی کەمتر لە ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەیان ڕازی نابن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار