یەکێک لە مەترسیدارترین سەرکردەکانی داعش رادەستی عێراق کرا
4 مانگ لەمەوپێش
مەهران رەمەزان
هاوڵاتی، سلێمانی
یەکێک لە مەترسیدارترین سەرکردەکانی داعش رادەستی عێراق کرا و کە پارەی چەندین کردەی تیرۆریستیی رێکخراوەکەی لە عێراق و سووریا دابین کردووە.
ئەمڕۆ شەممە، 20ی تەمووزی 2024، دەزگای ئاسایشی لوبنان رایگەیاند، یەکێک لە مەترسیدارترین سەرکردەکانی داعشی رادەستی حکومەتی عێراق کرد.
دەشڵێت، بەرپرسی کاروباری دارایی داعشی لە سوریا و عێراق بە ناوی (ع. ع. دلێمی) تەمەن 50 ساڵ، رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی کرد.
هاوکات، ئەمین ناسر، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق لە بەیروت، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەوەی خستەڕوو، ئەو بەرپرسەی داعش، لە ساڵانی رابردوودا، پارەی چەندین کردەی تیرۆریستیی رێکخراوەکەی لە عێراق و سووریا دابین کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تیرۆریستە یەکێک بووە لە مەترسیدارترین بەرپرسانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بەرپرس بووە لە ئامادەکردنی خۆکوژەکانی رێکخراوەکە.