سودانی: مادە هۆشبەرەكان لە ئێستادا گەورەترین مەترسین لەسەر عێراق
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆک وەزیرانی عێراق، مادە هۆشبەرەكان لە ئێستادا گەورەترین مەترسین لەسەر عێراق، ئاماژەی بەوەشدا مادە هۆشبەرەکان تەنیا كاریگەرییە خراپەكانیان لەسەر گەنجان نییە، بەڵكو دەبێتە هۆكاری ناسەقامگیری لە كۆمەڵگە.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تەموزی 2024، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانەی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە بەغدا وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، "مادە هۆشبەرەكان لە ئێستادا گەورەترین مەترسین لەسەر وڵاتەكەمان، چونکە دەبنە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان، هەروەها درووستبوونی بەشێكی تیرۆر بەرهەمی بەكارهێنانی مادەى هۆشبەرە".
ئەوەشی وت، "مادە هۆشبەرەکان تەنیا كاریگەرییە خراپەكانیان لەسەر گەنجان نییە، بەڵكو دەبێتە هۆكاری ناسەقامگیری لە كۆمەڵگە، هەربۆیە ئەو كەسانەى بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەكەن بە تووندی سزا دەدرێن".
سودانی ئەوەشی ئاشکراکرد، "لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە گفتوگۆداین بە مەبەستی هەماهەنگی كردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و درووستكردنی سیستەمێكی هاوبەش بۆ بە سزا گەیاندنی ئەو كەسانەی بازرگانی بەم مادانەوە دەكەن".