ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق: لە ماوەی مانگێکدا چوار هەزار و 779 هاوسەر جیابوونەتەوە

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 

به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق، ته‌نیا له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ 4779 حاڵه‌تی جيابوونه‌وه‌ تۆماركراون و 23324 پرۆسەی هاوسەرگیریش ئەنجام دراوە.

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەی هاوسەرانی لە مانگی شەشی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە بێت لەو مانگەدا 23324 پرۆسەی هاوسەرگیری لە 15 پارێزگای عێراق ئەنجامدراوە،  له‌و ژماره‌یه‌ش 21168 حاڵه‌ت له‌ دادگا کراون و ڕێژه‌یان به‌راورد به‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا تۆماركراون، ده‌گاته‌ 90.75% و 2156 حاڵه‌تیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا تۆماركراون و دواتر له‌ دادگا په‌سه‌ند كراون، ڕێژه‌یان به‌راورد به‌ هاوسه‌رگیریه‌كانی ناو دادگا ده‌گاته‌ 9.25%.

هەر وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، ئەو هاوسەرانەی لە مانگی حوزەیران جیابوونەتەوە  4779 هاوسەرە، له‌ كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ش 1251 حاڵه‌ت به‌ بڕیاری دادوه‌ر جیابوونه‌ته‌وه، له‌ كاتێكدا 3528 حاڵه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا جیابوونه‌ته‌وه‌ دواتر له‌لایه‌ن دادگاوه‌ په‌سه‌ند كراون‌.

جیابوونه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا نزیكه‌ له‌وه‌ی دوو ئه‌وه‌ندی جیابوونه‌وه‌ بێت به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر و ڕێژه‌كه‌ی ده‌گاته 64.55%، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌وانه‌ی به‌ فه‌رمانی دادوه‌ری جیابوونه‌ته‌وه‌، ڕێژه‌یان‌ 35.45%ە.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، زۆرترین رێژەی جیابوونەوە و هاوسەرگیری لە پارێزگای بەغدا بووە، هەروەها به‌راورد به‌ هه‌مان مانگی ساڵانی پێشوو، ڕێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی مەترسیدار به‌رز بوونه‌ته‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار