ئێران لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کەیسی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە چڕکردووەتەوە
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەسەڵاتدارانى ئێران، لە بەردەوامى لێکۆڵینەوەکانیان لە ڕووداوى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە و ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانەى روویانداوە، 20 بەرپرس و کارمەندیان دەستگیرکردووە.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز کە ئەمڕۆ شەممە 3ی ئابی 2024، بڵاویکردووەتەوە، ئێران لێکۆڵینەوەى چڕ و فراوانى لە رووداوى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوەى حەماس و پێشێلکارییە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان کە بوونە هۆى کوشتنى هەنییە دەستپێکردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، 20 ئەفسەرى هەواڵگریی و کارمەندى کۆشکى میوانداری لە باکوورى تاران دەستگیرکراون.
سوپاى پاسداران لە دواى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە رایگەیاند، "لێکۆڵینەوەى ورد و گشتگیر دەکات و ئەنجامەکانى ئاشکرا دەکات"، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانى رانەگەیەندراون.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 31-07-2024 لە تارانی پایتەختی ئێران ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەنێو ژووری پشوودانی کرایە ئامانج.