ئێران: وەڵامی ئێمە بۆ ئیسرائیل لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا دەبێت
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران لە هەڕەشەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بەردەوامە، لە نوێترین پەیامیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند وەڵامدانەوەی ئێران لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەبێت.
ئێران، ئیسرائیل بە کوشتنی هەنییە تۆمەتبار دەکات و پێی وایە ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە و پێشێلی یاسای نێودەوڵەتییە.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئێران بۆ سزادانی ئیسرائیل چاوەڕێی هیچ کەس و لایەنێک ناکات و خۆی بەرگریی لە خۆی دەکات.
وتیشی: ئێمە ناتوانین دەستەوەستان بین و بەرگری لە ئاسایشی خۆمان و ئاسایشی دۆستان و ناوچەکەمان دەکەین. پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش بە ئەرکی خۆی هەستێت کە دابینکردنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە. نابێت کەس گومان لە مافی ئێران لە سزادانی ئیسرائیل بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکات.
لەلایەکی دیکەوە، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ڕایگەیاند وەڵامی ئێران بۆ ئیسرائیل لە تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە هێندە تووند دەبێت کە ئیسرائیل تێبگات لە چ هەڵەیەکی کردووە.
ڕۆژی 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، لە تاران، کوژرا. لەو کاتەوە جیهان چاوەڕێی تۆڵەسەندنەوەی ئێرانە و ئێران هێشتا کاردانەوەی ڕاستەوخۆی نەبووە.