ئێران بەدوای تۆڵەدا دەگەڕێت و نایەوێت ڕاستەوخۆ ئیسرائیل بكاتە ئامانج
"لەبری ئەوە پێشنیاز كراوە هەرێمی كوردستان و ئازەربایجان بكرێتە ئامانج"
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران بەدوای تۆڵەكردنەوەیە لە كوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس لە تاران، بەڵام شێوازی تۆڵەكردنەوەكە مشتومڕی لەنێوان سیاسییەكان و سەربازییەكاندا دروستكردووە.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی تێلیگرافی بەریتانی، پرسی تۆڵەسەندنەوە لە ناوخۆی ئێراندا مشتومڕی گەرمی لەسەرە، فەرماندە باڵاكانی سووپای پاسداران داوایان لە ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە ڕاستەوخۆی هێرش بكرێتە سەر تێلئەڤیڤ و سەرۆككۆماری ئێرانیش پێشنیار دەكات لە بری ئەوەی هێرش بكرێتە سەر ئیسرائیل هێرشبكرێتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل لە هەرێمی كوردستان و ئازەربایجان.
جەنەڕاڵە باڵاكانی ناو سوپای پاسداران پێداگرن لەسەر هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تێلئەڤیڤ و شارەكانی دیكەی ئیسرائیل و سەرنجیان لەسەر بنكە سەربازییەكانە بۆ ئەوەی زیانی گیانی بەر هاووڵاتییان بەرنەكەوێت.
یاریدەدەرانی سەرۆككۆمار بە ڕۆژنامەی تێلیگرافیان وتووە "سوپای پاسداران لە هەوڵی تۆڵەسەندنەوەیەكی شەڕانگێزانەترە لە ئیسرائیل، سەرۆككۆمار ترسی ئەوەی هەیە هەر هێرشێكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل لێكەوتەی جددی هەبێت".
پزیشكیان لە كۆبوونەوە لەگەڵ خامەنییدا وتوویەتی:"بەڕاستی بەختەوەر بووین كە ئێران جاری ڕابردوو نەچووەتە شەڕێكی سەرتاسەری لەگەڵ ئیسرائیل و ڕەنگە ئەمجارەش نەچێتە شەڕێكی سەرتاسەرییەوە".
یاریدەدەری دووەمی پیزیشكیان كە قسەی لەگەڵ ڕۆژنامەی تێلیگراف كردووە وتوویەتی: "گفتوگۆی درێژخایەن و چڕ هەبووە كە پزیشكیان هەوڵی داوە فەرماندەكانی سوپای پاسداران ڕازی بكات بۆ ئەوەی خۆیان لەو كارانە بەدوور بگرن كە دەكرێت لە ژێر كۆنتڕۆڵ دەربچن".
بەڵام بەرپرسێكی ناو سوپای پاسداران بە ڕۆژنامەی تێلیگرافی وتووە:" فەرماندەكانی هێزی سەربازی نوخبە پێیان وایە پزیشكیان "تەنیا نیگەرانە لە هەڵوێستی خۆی، بەڵام كەم كەس لە سوپای پاسداران گوێی لێدەگرن".