خەمیس خەنجەر لەلایەن ئەمریكاوە دەخرێتە لیستی سزاكانەوە
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، خەمیس خەنجەر سەرۆکی پارتی سیادە دەخاتە لیستی ئەو کەسایەتی و قەوارانەی کە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا قەدەغەکراوە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا "لە ڕێگەی نووسینگەی کۆنترۆڵی سەرمایە بیانییەکانەوە خەمیس فەرحان عەلی خەنجەر عیساوی کە لە فەلوجەی عێراق لەدایکبووە، خستووەتە لیستی سزای تاک و لایەنەکان کە ناسراوە بە لیستی SDN".
بەپێی بەڵگەنامەکە سزاکان بریتین لە "بلۆککردنی سەرمایە و قەدەغەکردنی مامەڵەی کۆمپانیا و تاکی ئەمریکی لەگەڵی، هاوکات بلۆککردنی هەر سەرمایەیەک لە ئەمریکا کە بۆ ئەو بگەڕێتەوە. لەگەڵ سنووردارکردنی توانای سوودمەندبوونیان لە سیستەمی دارایی ئەمریکا".
هاوپەیمانی سیادە لە چەند پارتێكی سوننی پێكهاتووە كە خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی دەكات، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانییەكە 71 كورسی بەدەستهێنا.