سوننەکان لەسەر دانانی کاندیدێکی نوێ بۆ سەرۆکی پەرلەمان ڕێککەوتن
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەش پارتی سیاسیی سوننی لەسەر دانانی کاندیدێکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان گەیشتنە ڕێککەوتن و بڕیار وایە پێشکەشی فراکسیۆنە سیاسییەکانی بکەن بۆ ئەوەی پشتیوانی لێ بکەن.
سێشەممە 13-8-2024 لە ماڵی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدووم هێزە سیاسییە سوننیەکان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی لەسەر دانانی بەربژێرێکی نوێ بۆ سەرۆکی پەرلەمان بگەنە ڕێککەوتن.
دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا شەش هێزە سیاسییە سوننەکە ڕایانگەیاند: دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ و دیدار لەگەڵ پێکهاتە سیاسییە نیشتمانییەکان، هێزە سیاسییە سوننەکان کە 55 پەرلەمانتاریان هەیە ڕێککەوتن لەسەر ناونانی کاندیدێکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان.
ناوی کاندیدەکە پێشکەش بە فراکسیۆنە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەین بۆ پشتیوانیکردن و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی نیشتمانی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو مافە.
ئەو لایەنە سونییانە داوا دەکەن کار لەسەر گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ کردنەوەی سەرلەنوێ دەرگای خۆ کاندیدکردن و هەڵبژاردنی سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانان لە کاندیدی زۆرینەی سوننەکان.
ئەو لایەنە سونییانەی لە ڕاگەیێنراوەکەدا ناویان هاتووە بریتین لە: پارتی تەقەدوم، پارتی جەماهیری وەتەنییە، هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی، کوتلەی سەدارە، مەشروع وەتەنی عێراقی و کوتلەی موبادەرە. بەڵام هەریەک لە هاوپەیمانی "عەزم و سیادە" بەشداری کۆبوونەوەکە نەبوون.