لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا 28 کەس گیانیان لەدەستدا
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پاسێک کە زیارەتکارانی پاکستانی بۆ عێراق دەگواستەوە لە ئێران تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو، 28 کەس گیانیانلەدەستدا، و 23ی دیکەش بریندارن.
ڕۆژی چوارشەممە، 21ی ئابی 2024، کۆمەڵەی مانگی سوور لە ئێران ڕایگەیاند، کاتژمێر 9:54 ی بشەوی ڕابردوو، پاسێک کە سەرنشینەکانی زیارەتکاری پاکستانی بوون، لەسەر رێگەی پارێزگای یەزد بەرەو چەزابە دەڕۆیشت، بە مەبەستی گەیاندنی زیارەتکاران بە کەربەلا، بەڵام لە رێڕەو دەرچووە و خۆی کێشاوە بە دیوارێکدا، بەهۆیەوە 11 ژن و 17 پیاو گیانیان لەدەستدا.
ئەوەشیان خستۆتەڕوو، 28 کەس گیانیان لەدەستداوە، 23 کەس بریندارن و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە زۆرە.
کۆمەڵەی مانگی سوور باس لەبرینی بریندارەکان دەکات و دەڵێت، برینی حەوتیان سەختە و سەرجەمیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بە پێی زانییارییەکان، لە ڕووداوەکەدا پاسەکە ئاگری گرتووە و تەرمی هەندێک لە سەرنشینەکان گیریان خواردبوو، تیمەکانی فریاکەوتن تەرمەکانیان دەرهێناوە و ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون.
لەم بارەیەوە، مەهدی پازوکی، بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکان لە پارێزگەی یەزد ڕایگەیاند، "بەداخەوەین 11 ژن و 17 پیاو گیانیان لەدەستداوە".
دەشڵێت، کۆنسووڵخانەی گشتیی پاکستانمان لە ئێران ئاگادار کردووەتەوە بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە بێنە یەزد.