ڕۆیتەرز: عێراق کۆمپانیا گەورەکانی نەوت دەگەڕێنێتەوە
3 مانگ لەمەوپێش
مەهران ڕەمەزان
هاوڵاتی، سلێمانی
لە ڕێگەی پێدانی گرێبەستی دابەشکردنی قازانج عێراق کۆمپانیا گەورەکانی نەوت جارێکی تر دەگەڕێنێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوکردەوە، دوو بەرپرسی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایانگەیاندووە، عێراق قازانج لەگەڵ كۆمپانیای بی پی بەریتانی دابەش دەكات.
دەشڵێن، بۆ پێشخستنی كێڵگە نەوت و غازە زەبەلاحەكان عێراق لەهەوڵدایە واز لە گرێبەستی خزمەت بهێنێت كە سودێكی كەمی هەیە بۆ گەشەدان بە بەرهەمهێنان و ڕاكێشانی كۆمپانیا بیانییە گەورەكانی وزە بۆ عێراق جارێكی تر.
هەردوو بەرپرسەکە ئەوەشیان بە ئاژانسەکە ڕاگەیاندووە، "لەماوەی ئەم ساڵانەی دوایدا ژمارەیەك كۆمپانیای گەورەی نەوت لەنێویاندا بی پی چوونە وڵاتانی تر، كە گرێبەستی باشتریان پێشكەشكردن".
باسیشیان لەوەکردووە، "كۆمپانیاكان سكاڵای ئەوەیان دەكرد گرێبەستی خزمەتگوزاری نەوتیی نەریتی لە عێراق، كە بڕێك پارەی جێگیر دەدات بە كۆمپانیاكان لەبری هەر بەرمیلێك كە بەرهەمی دەهێنێت دوای دەركردنی تێچووەكەی وادەكات كۆمپانیاكان سود لە بەرزبونەوەی نرخی نەوت وەرنەگرن".
دوو بەرپرسەکە ئەوەشیان خستۆتەڕوو، "كۆمپانیای بی پی كە دوای پێنج ساڵ گەڕایەوە ڕێككەوتنێكی لەگەڵ عێراق واژوكردووە بۆ پێشخستنی 4 كێڵگەی نەوت و غاز لە شاری كەركووک كە بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی بی پی ڕەنگە نزیكەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی لێ دەربهێنن".
بەوتەی دوو بەرپرسەكەی کە بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، "وەزارەتی نەوت، گرێبسەتەكان لەگەڵ بی پی بۆ پێشخستنی كێڵگەكانی كەركووك و بای حەسەن و جمبورو خەباز پشت بە گرێبەستی دابەشكردنی قازانج دەبەستێت".
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پێشبینی دەكرێت وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای بی پی لەم هەفتەیەدا ڕێككەوتنەكە واژوبكەن كە بڕگەكانی ئاشكراناكرێت لەسەر ئەو بنەمایەش عێراق كۆی داتاكانی تایبەت بە چوار كێڵگەكەی كەركووك و دامەزراوەكانی ڕادەستی كۆمپانیاكە دەكات.
دەشڵێت، ڕێككەوتنی كۆتایش ڕەنگە بكەوێتە كۆتایی ئەمساڵ لەكاتێكدا كۆمپانیاكە پێشبینی دەكات لەكۆتایی 2025دا دانوستانەكانیان لەبارەی ڕێككەوتنی كۆتایی تەواوبێت.