هێزێکی حەشدی شەعبی بە ١٥٠ ئۆتۆمبێلەوە خۆی کرد بە گەرمیاندا

3 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ هێزێکی حەشدی شەعبی بە ١٥٠ ئۆتۆمبێلەوە، لە بەرەبەیانێکی زوودا و کاتژمێر چوار خۆی کرد بە گەرمیاندا.

کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، بەخێراییەکی چاوەڕواننەکراو نزیکی بیرەنەوتێک کەوتنەوە، کەچی لە پڕ کشانەوە.

ئەو سنوورەی حەشدی شەعبی لێی جێگیر بووە، گوندێکی بەناوی رەحیم وەرەقەوە تێدایە و پێشتریش بیرە نەوتێکی تێدا بوو.

ناوچەکە دەکەوێتە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ لە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.

جگە لە پۆلیسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لیوای پێنجی هێزەکانی پێشمەرگەش لە سنوورەکەدایە.

بەرپرسی هێزەکە لە گەرمیان کە ئەمڕۆ بینرا، عەقید بەختیار بێسەرییە کە فەرماندەیەکی پارتییە، هەر لەو کاتەشدا هێزێکی کۆماندۆی یەکێتی گوازرانەوە بۆ ناوچەکە.

ئەگەرچی بە فەرمی یەکێتی ڕەتیدەکاتەوە کە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو هێزەدا هەبووبێت، بەڵام هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، هاتنی ئەو هێزە بە ڕێککەوتن بووە، هەرچەندە وتەبێژی یەکێتی، سەعدی پیرە ئەوەی ڕەتکردەوە.

ڕێبوار کەریم وەلی کە نوسەر و ڕۆژنامەنوسێکی دیارە، هەندێک زانیاریی شاردراوەی ئاشکرا کرد و دەڵێت: چوونی کۆماندۆ بۆ ئەوەیە هێزی سەربازی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە لەو ناوچەیە نەمێنێت و لە شوێنی ئەو کۆماندۆ جێگیر بکرێت و یەکێتی و حەشدی شەعبی بە ناوی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکانەوە پارەیەکی باشیان دەستبکەوێت.

دواجار هێزەکەی حەشدی شەعبی کشانەوە، بەڵام دیار نییە ئەمەی ڕوویدا سەرەتای دۆخێکی نوێیە یان نا لە گەرمیان، کە خاکەکەی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و بە گوێرەی سەرچاوەکانی وزە یەدەگێکی زۆری نەوت و گازی سروشتی هەیە کە خەمڵێندراوە بە (٣،٦) ملیار بەرمیل نەوت.

حەوت بلۆکی نەوتی لە خۆ دەگرێت و کاری دەرهێنانی نەوت و گاز بۆ پێنج کێڵگەی کراوە، ئەمە جگە لەوەی حەشدی شەعبی پێشتریش چەند جارێک هێرشیکردە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کە هەر لە گەرمیانە.

بۆیە دەکرێت لە پشت ئەو جموجۆڵەی ئەمڕۆوە چەندین گەمەی سیاسی شاردراوە لە ئارادا بێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار