هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان هێرشێکی تیرۆرستی بۆسەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پوچەڵ دەکەنەوە
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوێنێ پێنجشەممە، 29ی ئابی 2024، هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، گروپێکی تیرۆرستی مەترسیداریان دەستگیرکردووە، کە بەنیازبوون بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە بکەنە ئامانج.
هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەشیان خستەڕوو، هێزەکانمان لە ئاسایشی گشتی و هێزە تایبەتەکان (HAT) دوو ئۆپەراسیۆنی وردی ئەمنییان لە ناوچەکانی (حەسەکە و جەل ئاغا) ئەنجامدا، کە گروپە تیرۆرستییە مەترسیدارەکانی کردە ئامانج کە پلانیان دانابوو هێرش بکەنە سەر بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە.
باسلەوەشدەکەن، ئۆپەراسیۆنەکە دوای نیوەشەوی ڕۆژی سێشەممە ئەنجامدراوە، لەو کاتەدا ناسنامەی سەرۆکی گروپەکە لە گوندی ئەلمیزاری سەر بە حەسەکە دەستنیشانکراوە.
ئەپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە لە دژی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە نەهێشتنی ئەو هەڕەشە بەردەوامانەیە کە شانەکانی داعش بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و بازرگانانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستی دەکەن.