وەزیری نەوتی عێراق: عێراق خاوەنی 145ملیار بەرمیل نەوت و 160 تریلیۆن پێی سێجا غازی یەدەگە
2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، كە ئێستا بەسەردانێك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ جیفری بات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری وزە، دیڤید ساتەرفیڵد، بەڕێوەبەری پەیمانگای بیكەر و تیف لوتس سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەمریكا و ژمارەیەك لە كۆمپانیا، ئەمریكییەكان، ئاماژەی بە پرۆژەكانی عێراق كردووە لەبواری وەبەرهێنانی غاز و نەوت لەكێڵگە جیاوازەكاندا.
حەیان عەبدولغەنی دەڵێت، پێگەی بەهێزی عێراق لە پیشەسازی وزە لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمایەتی لە بوونی ئەو یەدەگە نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە خاوەنێتی، كە زیاتر لە 145 ملیار بەرمیلی دۆزراوەیە، بە توانای رۆژانەی زیاتر لە 5 ملیۆن بەرمیل.
وەزیری نەوتی عێراق ئاشکراشیکردووە، یەدەگی غازی سەلمێنراویش بڕكەی زیاترە لە 130 تریلیۆن پێ سێجای پێوانەیی و یەدەگی چاوەڕوانكراویش ڕەنگە بگاتە زیاتر لە 160 تریلیۆن پێ سێجا، ئەوەش وادەكات ببێتە یاریزانی سەرەكی و كاریگەر لەسەر هەردوو ئاستی جیهانی و هەرێمایەتی.
ڕاشیگەیاندووە، ڕێژەی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ لە ساڵی 2022دا، لە 51% تێنەپەڕیوە، بەڵام ڕێژەكە لەم ساڵدا بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر 65%، ئەوەش لە ئەنجامی جێبەجێكردنی چەندین پرۆژە تایبەت بووە بە وەبەرهێنانی غاز، لەڕێی هاوكاریكردن لەگەڵ كۆمپانیا جیهانیەكان و توانا نیشتمانیەكان.
حەیان عەبدولغەنی ئەوەشی خستۆتەڕوو،عێراق لەكۆتایی ساڵی 2028دا، سوتاندنی غاز بەتەواوی ڕادەگرێت ودەبێتە یەكێك لەوڵاتەكانی بەشدار لەكەمكردنەوەی گەرمییە بەهەواداچووەكان و سوود وەرگرتن لەو سوتەمەنیە و ئاڕاستەكردنی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەباو پیشەسازییە جیاوازەكان.
وەزیری نەوتی عێراق، باسیلەوەشکردووە، لەكەرتی پاڵاوتنیشدا، شانازی دەكەین بەوەی بەم دواییە توانای پاڵاوتنمان گەیاندووەتە زیاتر لە 360 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، لە پاڵاوتگەكانی كەربەلا و باكوورو یەكەی چوار لە پارێزگای بەسرە.