سەرۆک کۆماری ئێران لە بەغدایە و سەردانی کوردستانیش دەکات
2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی ئەیلوولی 2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازیی لێکرا، بڕیاریشە جگە لە بەغدا، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش کۆببێتەوە.
مەسعود پزیشکیان پێش بەڕێکەوتنی بۆ عێراق، لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد لە تاران قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و ڕایگەیاند، لەم گەشتەدا سەردانی شارە شیعە نشینەکان و بەسرە هەروەها شارە کوردییەکان، هەولێر و سلێمانی دەکەین و بە پشتیوانی خودا لەگەڵ خۆشەویستانی ئەوێ کۆدەبینەوە
مەسعود پزیشکیان باسی لەوەشکردووە، "پێموایە سەردانێکی زۆر باش دەبێت بۆ دروستکردنی زەمینەی گونجاوە لەبواری ئابووری، کولتووری و سیاسی و ئەمنی".
ئەوەشی خستۆتەڕوو، هیوادارم ئێمە لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی کە لە عێراقەوە دەستپێدەکات پەیوەندییەکی باش و دۆستانەمان هەبێت و بتوانین زۆربەی ئەو گرفتانەی کە رەنگە بوونیان هەبێت لەبەردەم خۆمان لاببەین.