ئەو ڕێككەوتنانەی ئەمرۆ پزیشكیان و سودانی واژۆی دەكەن
2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارە دوای كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران، هەردوو سەرۆك سەرپەرشتی واژۆكردنی ژمارەیەك یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتن لە بواری ئەمنیی و ئابووری و چەندین بواری دیكە لەنێوانیادا بكەن.
لە یەكەمین گەشتی دەرەوەی وڵاتی لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران، مەسعود پزیشكیان بەیانی ڕۆژی چوارشەممە 11-09-2024 گەیشتە بەغدا و لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێكرا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: سوودانی وتوێژێكی بەرفراوان لەگەڵ سەرۆككۆماری ئێران دەكات، تیشك دەخرێتە سەر پێشهاتەكانی ناوچەكە و ڕووداوەكانی غەززە، جگە لە گفتوگۆكردن لەبارەی بەهێزكردنی دۆسیەكانی هاوكاری ئابووری، ئەمنی و بازرگانی، و هاوبەشی لە ژمارەیەك لە پرۆژەكانی كەرتی گەشەپێدان.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، هەردوولا سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی واژۆكردنی پاكێجێك لە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن دەكەن لە بواری هاوكاری باج، بوارەكانی كشتوكاڵ، سامانە سروشتییەكان، پەیوەندییەكان، پاراستنی كۆمەڵایەتی، گەنجان و وەرزش، پەروەردە، گەشتیاری، ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و هونەری، هاوكاری لە بواری شوێنەوار، بواری ڕاهێنان و پەرەپێدانی پیشەیی و هاوكاری نێوان ژوورە بازرگانییەكان.
پێش سەردانەكەی پزیشكیان بۆ عێراق عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو: 15 یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان ئێران و عێراق واژۆ دەكرێت.